سەردێڕ:

مژدە مەحمود: حکومەتەکەی مەسرور بارزانی لە تەواوی سێکتەرەکاندا شکستى هێناوە

فۆتۆ: 
2021-06-29

3308 جار خوێندراوەتەوە

مژدە مەحمود ئەندامی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، ئەمە حکومەت چاکسازی کردووە قەرزەکەی زیادکردووە ئەگەر چاکسازیی نەکردایە چی دەقەوما، دەشڵێت، "حکومەتەکەی مەسرور بارزانی لە تەواوی سێکتەرەکاندا شکستى هێناوە".


لە پێگەی فەرمی خۆی لە فەیسبوک مژدە مەحمود ئەندامی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان باسی لەوەکرد، حکومەتەکەی مەسرور بارزانی لە تەواوی سێکتەرەکاندا شکستى هێناوە و لەبرى چاکسازى قەرزەکانى سەر هەرێمى زیاتر کردووە.

مژدە مەحمود ئەوەشی خستووەتەڕوو، سەرباری ئەوەی حکومەتەکەی مەسرور بارزانی لە تەواوی سێکتەرەکانی دابینکردنی خزمەتگوزاری و دابینکردنی موچە، چاکسازیی شکستی هێناوە، لەگەڵ ئەوەشدا لە پرسی ئازادیی رادەربڕینیشدا شکستی هێناوە.

ئەو ئەندامەی فراکسیۆنی نەوەی لە پەرلەمانی کوردستان دەشڵیت، حکومەتى هەرێم لە بری ئەوەی چاکسازی بکات و قەرزەکان کەمبکاتەوە و دۆخی خەڵک چاک بکات، کەچی قەرزەکانی لە ٢٧ ملیار دۆلارەوە زیادکردووە بۆ ٣١ ملیار دۆلار، ئەوەشی وتووە، "جا ئەمە چاکسازیی کردووە قەرزەکەی زیادکردووە، ئاخۆ ئەگەر چاکسازی نەکردایە چی دەقەوما".

ئەمەش دوای ئەوە دێت، لە کۆبوونەوەی دوێنێی پەرلەمانی کوردستاندا ئامانج رەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، لە ئێستادا قەرزەکانی حکومەتی هەرێم بۆ ٣١ ملیار دۆلار زیادیکردووە. ئەم قسەیەش لەکاتێکدایە، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم لەسەرەتای دەستپیکردنی  کارەکانییەوە بەمەبستی چاکسازی و کۆکردنەوەی داهاتی زیاتر پرۆژەی چاکسازی دەستپێکردووە.