سەردێڕ:

وتەبێژی حکومەتی هەرێم روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە

فۆتۆ: 
2021-06-30

5490 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی حکومەتی هەرێم لەراگەیەنراوێکدا رەتیدەکاتەوە ئەو فڕۆکانەی هێرشیان کردە سەر کەتائیبی سەید ئەلشوهەدا لەهەولێرەوە فڕیبن.


بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە چەند فڕۆکەیەکی ئەمریکی پێگەیەکی لیوای ١٤ی حەشدی شەعبیان لەسەر سنوری عێراق-سوریا لە لەقائیم کردە ئامانج، لەئەنجامدا حەوت کەس گیانیان لەدەستدا بەبێ ئەوەی ژمارەی بریندارەکان ئاشکرا بکرێت.

بەرای چەند چاودێرێکی سیاسی لە ناوەندی عەینی ئیماراتی، ئامانج لەو هێرشەی پنتاگۆن نامەیەکە بۆ میلیشیا عێراقییەکانی نزیک لە ئێران کە پێیان وایە ئیدارەی جۆبایدن سەرۆکی ئێستای ئەمریکا پاشگەز بووەتەوە لە گرتنە ئامانج و وەڵامدانەوەی هێرشی میلیشیاکان.

هاوکات، لەبارەی هێرشەکانەوە چەند بەرپرسێکی حەشدی شەعبی هەرێمی کوردستانیان تۆمەتبارکرد بەوەی فڕۆکەکان لە هەولێرەوە فڕیون.

روونکردنەوەکەی حکومەت

وتەبێژی حکومەتی هەرێم لەراگەیەنراوێکدا رەتیدەکاتەوە ئەو فڕۆکانەی هێرشیانکردە سەر کەتائیبی سەید ئەلشوهەدا لەهەولێرەوە فڕیبن و دەڵێت، "ئێمە ئەم قسانە رەتدەکەینەوە چونکە هیچ بنەمایەکیان نییە".

لەراگەیەنراوەکەشدا هاتووە، "ئەو هێرشانەی کراونەتە سەر هەولێر لەلایەن گروپە لە یاسادەرچووەکانەوە بووە و ئێستاش ئەم قسانە مانایەکی خراپ دەگەینن، هەر هێرشەکی تر بکرێتە سەر هەولێر گومان دەکەوێتە سەر ئەو لایەنەی احمد مکصوص و هاوچەشنەکانی نوێنەرایەتی دەکەن چونکە ئەمە رێخۆشکردن و پاسا و هێنانەوەی پێش وەختەیە بۆ بەئامانجگرتنی هەولێر".

دەقی روونکردنەوەکە:

لەم ڕۆژانەدا یەکێک لە بەرپرسەکانی میلیشای ( کتائب سید الشهداء) بەناوی احمد المکصوص بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە گوایا ئەو فڕۆکە ئەمەریکییانەی هێرشیان کردە سەر میلیشیاکان، لە فڕۆکەخانەی هەولێرەوە فڕیون. ئێمە ئەم قسانە ڕەتدەکەینەوە چونکە هیچ بنەمایەکیان بۆ نییە، بە پێچەوانەوە ئەو هێرشانەی کراونەتە سەر هەولێر  لەلایەن گرووپە لە یاسادەرچووەکانەوە بووە و ئێستاش ئەم قسانە مانایەکی خراب دەگەینن. هەر هێرشەکی تر بکرێتە سەر هەولێر گومان دەکەوێتە سەر ئەو لایەنەی احمد مکصوص و هاوچەشنەکانی نوێنەرایەتی دەکەن چونکە ئەمە ڕێخۆشکردن و پاساو هێنانەوەی پێش وەختەیە بۆ بەئامانجگرتنی هەولێر.