بەهۆی نەبوونی کارەباوە لە شارۆچکەی چرەی سەر بە قەزای بەردەرەشی دهۆک خۆپیشاندان دەستی پێکردووە و رێگای سەرەکی دهۆک-هەولێریان داخستووە.
بەهۆی نەبوونی کارەباوە لە شارۆچکەی چرەی سەر بە قەزای شێخان لە دهۆک سەرلەبەیانی ئەمڕۆ خۆپیشاندان دەستی پێکرد و رێگای سەرەکی دهۆک-هەولێریان داخست.
خۆپیشاندەران داوای خزمەتگوزارییەکان و پێدانی کارەبا دەکەن و دەڵێن بارودۆخیان گونجاو نییە.
ئاماژە بەوەشدەکەن، کە هەلی کار لە شارۆچکەکەدا نییە و حکومەتیش خزمەتگوزارییەکانیان وەک پێویست پێنادات.
هاوکات، پاش ماوەیەک لە خۆپیشاندان هێزە ئەمنییەکان بە زەبری هێز بڵاوەیان بە خۆپیشاندەران کرد.
ئەوەش لە کاتێکدایە، لە ھەولێریش نارەزایەتیەکان بۆ کەمی و نەبوونی ئاو و کارەبا و خزمەتگوزاریەکان بەردەوامە و ئەمشەویش هاوڵاتیانی گەڕەکی باداوە دەستیان بە خۆپیشاندان کرد و هاوڵاتییەکی دانیشتووی ئەو گەڕەکە باسی لەوەکرد، کە ماوەی ١٥ رۆژە ئاویان نییە و ماوەی سێ رۆژە ٨٠ هەزاریان بە ئاو داوە، دەشڵێت، خەڵک گوزەرانی بەو جۆرە نییە بتوانێت ئاو بکڕێت.
گرفتی کەمئاوی و کەمی کارەبا و خزمەتگوزارییەکانی دیکەش لە هەرێمدا زۆرن هەرکاتێکیش هاوڵاتیان دێنە سەر شەقام بۆ دەربڕینی نارەزایەتی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە زەبری هێز بڵاوەیان پێدەکرێت، هاوڵاتیانیش باس لەوەدەکەن، کە حکومەت تەنها بەڵێن دەدات و جێبەجێی ناکات.
هـ.ئـ