رزگار کۆچەر پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە روماڵی ئاگرەکەی کۆگا و مۆبیلیاتەکەی سەر شەقامی ٦٠ مەتری هەولێرەوە رایگەیاند، ئاگرەکە تەنها لە بەشێکی بچووکی بەشی پشتەوەی کۆگاکەدا ماوە و کۆنترۆڵدەکرێت، خاوەنی مۆبییاتەکەش دەڵێت، بەهۆی تەقینی سپلێتی ناو مۆبیلاتەکەوە ئاگرەکە کەوتووەتەوە.
وتیشی، چەندین تیمی بەرگری شارستانی لە کۆگاکەدا سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە بوون و مەترسی کەوتنی ئەسکەلەکانی بیناکەش هەیە. چۆمان مەحمودی پەیامنێری ئێن ئاڕ تیش رایگەیاند، تیمەکانی کارەبای هەولێریش گەیشتوونەتە شوێنەکە و سەرقاڵی چاککرد و پچڕاندنی ئەو سیمی کارەبایانەن کە سوتاوە.
نەبەز عەبدولحەمید قائیمقامی هەولێر دەڵێت، سەرچاوەی ئاگرەکە دیار نییە بەڵام پێدەچێت کە مۆلیدەی کۆگاکە هۆکار بووبێت، ئەوەشی خستەڕوو، کە هیچ زیانێکی گیانی لێنکەوتووەتەوە، بەڵام زیانێکی ماددی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە.
خاوەنی مۆبیلیاتەکەش دەڵێت، سپلێت تەقیوە و بووەتە هۆی تەشەنە سەندی ئاگرەکە.
وتیشی، زیانەکان زۆرن و نازانرێت چەندە، گلەیشی لە تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە هەیە بەوەی دەڵێت، تیمەکان درەنگ گەیشتوونەتە ئەوێ.
ئاگرەکە لە نزیک کاتژمێر ١١ و ٣٠ خولەکی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆوە کەوتووەتەوە و زیاتر لە کاتژمێرێکە بەردەوامە.
هـ.ئـ