شەوی رابردوو بەڕێوەبەری تەندروستی راگەیاندنی بەردەڕەش رایگەیاند، بەهۆی خواردنی ماسی لە یەکێک لە چێشتخانەکانی قەزای بەردەڕەش ١٧ کەس ژەهراوی بوون و رەوانەی نەخۆشخانە کراون، لە ئێستاشدا ژمارەکە بەرزبووەتەوە بۆ زیاتر لە حەوت هێندە.
نەشوان تۆفیق بەڕێوەبەری راگەیاندنی تەندروستى بەردەڕەش بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، پاش ئەوەی شەوی رابردوو لە سنوری قەزای بەردەڕەش و لە یەکێک لە چێشتخانەکانی ئەو شارە، ژمارەیەک هاوڵاتی سەردانی خواردنگەیەکی ماسیان کردووە و لەو چێشتخانەیە خواردنیان خواردووە، توشی ژەهراویبوون بوون و سەردانی سەنتەری خازریان لە قەزای بەردەڕەشکردووە.
لە سەرەتادا راگەیاندرا ١٧ کەس توشی ژەهراویبوون بوون، بەڵام لە ئێستادا ژمارەکە بووەتە ١٣٢ کەس، کە ئەوانەی سەردانی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ئاکرێیان کردووە ۱۱٥ کەسە و ۱۷ کەسیشیان لە بنکەکانی خازر و بەردەڕەش بوون.
بەرێوەبەری راگەیاندنی تەندروستى بەردەڕەش ئاماژەی بەوەشکرد، دەستەبەجێ لیژنە پەیوەندیدارەکان چوونەتە شوێنەکە و چێشتخانەکە داخراوە و خاوەنەکەشی دەستبەسەر کراوە.
نەشوان تۆفیق ئەوەشی خستەڕوو، نمونەى ماسییەکە وەرگیراوە و نێردراوە بۆ تاقیگە لە دهۆک و چاوەڕێی ئەنجامەکەی دەکەن بۆ ئەوەی بڕیاری گونجاوی لە بارەوە بدەن. دەشڵێت، ئەو کەسانەشی کە ژەهراویبوون چارەسەری پزیشکیان بۆ کراوە و لە ئێستادا دۆخیان جێگیرە.
هـ.ئـ