ئەمڕۆ کاتژمێر ٣:٣٠ی خولەکی ئێوارە فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا ئۆتۆمبێلێکی هێزەکانی یەبەشەیان لە چیای شەنگال بۆردومانکرد.
نەزیر شەنگالی پەیامنێری ئێن ئاڕتی باسی لەوەکرد، ئەمڕۆ کاتژمێر ٣:٣٠ی خولەکی ئێوارە فڕۆکەجەنگییەکانی تورکیا ئۆتۆمبێلێکی هێزەکانی یەبەشەیان لە چیای شەنگال کردەئامانج و کە دوو کەس لە ئۆتۆمبێلەکەدا بوون.
لەوبارەیەشەوە، حەیدەر شەشۆ فەرماندەی هێزی پاراستنی ئێزیدخان بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، "ئۆتۆمبێلێک بۆردومان کراوە و تا ئێستا نازانرێت بە چی و چۆن بۆردومانکراوە".
لەبارەی زیانەکانیشەوە، پەیامنێری ئێن ئاڕتی ئەوەی خستەڕوو، "هیچ زیانێکی گیانی بەهۆی بۆردومانەکەوە نەکەوتووەتەوە و تەنها زیانی ماددی بەر ئۆتۆمبێلەکە کەوتووە".
لەلایەکی تریشەوە، وەزارەتی بەرگری تورکیا رایگەیاند، لە میانی ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانی سوپای تورکیادا حەوت چەکداری پەکەکە لە چیای گارە لە چالاکی خران.
ئەمەش لەکاتێکدایە، سوپای تورکیا بۆ چەندین جار بارەگا و ئۆتمۆمبێلەکانی پەکەکە و یەبەشەی لە ناوچەکانی سنووری هەرێمی کوردستان کردوەتە ئامانج و پێش سێ رۆژ بەر لە ئێستاش فڕۆکەجەنگییەکانی تورکیا چیای خامتیری سنووری قەزای زاخۆیان بەسەختی بۆردومانکرد.
نـ،غـ