ماڵپەڕی "باسنیوز"ی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرإمی کوردستان لە رێکەوتی ٧ی ٧ی ٢٠١٤دا هەواڵێکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەکردووەو داوای دوو ساڵی دیکە هەرێم پێویستی بە هاوردەکردنی بەنزین نامێنێت. لەکاتێکدا، دوای حەوت ساڵ لەو مژەدەیە هێشتا کێشەی بەنزین بە چارەسەر نەکراوی ماوتەوە.
بەگوێرەی هەواڵەکە، ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەکانی ئەوکاتی حکومەتی هەرێم لەئامادەبوونیدا لە دانیشتنێکی پەرلەمانی کوردستان باس لە دابەشکردنی کۆبوون بەسەر ئۆتۆمبێلەکاندا کردووە تا بتوانن بەنزینی پێوەربگرن.
هەر لەدرێژەی هەواڵەکەدا، گلەییەکانی ئەوکاتی وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی لە حکومەتی فیدڕاڵی بڵاوکردووەتەوە و کە حکومەتی بەغدای بەوە تۆمەتبار کردووە لە دابەشکردنی سوتەمەنیدا غەدری لە هەرێم کردووە.
هەر ئەوکات، ئاماژەی بەوەشداوە ئەو بەنزینەی لە هەرێم دەپاڵێورێت و بەرهەمدەهێنرێت بەشی ناوخۆناکات.
ئەوەی جێگەی پرسیارە ئەوەیە، کاتێک ئەوکات حکومەت و وەزیری سامانە سروشتییەکەی زانیویانە ئەو بەنزینەی لەهەرێم بەرهەمدەهێنرێت بەشی ناوخۆ ناکات، بۆچی هیچ پلانێکی تۆکمەی درێژخایەنیان دانەناوە تا کێشەی بەنزین لە روی کواڵیتی و بڕی پێویست و نرخەوە بۆ هاوڵاتیانی دابین بکەن؟
لە چەند رۆژی رابردوودا، شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوی نوێ هەڵمەتێکی فرۆشتنی بەنزینی نۆرماڵی بە ٥٠٠ دینار دەستپێکرد و لەلایەن هاوڵاتیانەوە بەگەرمی پێشوازی لێکرا.
بە گوێرەی بەڵگەکانی کۆمپانیایەکی پشکنینی کواڵێتی بەنزین، رێژەی ئۆکتانی بەنزینەکەش لە نێوان ٩٤ بۆ ٩٥ەو بەمەش ئەو بەنزینە موحەسەنە نەک نۆرماڵ.
لە ماوەی رابردووشدا، هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی بە دەنگی ئەمریکای رایگەیاند، "ههرکهسێک دهستپێشخهری ههیه بۆئهوهی نرخی بهنزین دابهزێنێت بهمهرجێک کوالێتیهکهی بپارێزێت و بهڕێگهی رێگهپێدراوی خۆی بیگهیهنێته هاوڵاتیان سوپاسی دهکهین و دهستخۆشی لێدهکهین".
ئەمڕۆچوارشەممە، شارەوانی سلێمانیش دەستی بە هەوڵیک کردووە تا رێگری لە دابەشکردنی بەنزینە ٥٠٠ دینارییکە بکات و دەشڵێت، "ئەو بەنزینە نایاساییە لەو جێگایەدا."
لەکاتێکدا، لە شاری سلێمانی چەند بەنزینخانەیەکی دیکە هەن کە شوێنەکانیان لەناو ماڵاندایە، یان لە نزیک ناوچەی نیشتەجێبوون و لە ژێر هۆتێل و تەنیشت خوێندنگەدایە و بەپێی بەدواداچوونی ئێن ئاڕ تیش تاوەکو ئێستا هیچ رێکارێکیان بەرامبەر نەگیراوەتەبەر.
ئەمەش لەکاتێکدایە ماوەیەکە، نرخی بەنزین بەشێوەیەکی بەرچاو لە هەرێمدا بەرزبووەتەوە کە قۆناغ بە قۆناغ ئەو بەرزبوونەوەیە روویدا.
بەجۆرێک، لە رابردوودا نرخی لیترێک بەنزین لە جۆری نۆرماڵ لە نێوان ٤٥٠ تا ٥٠٠ دیناردا بوو، بەڵام ئێستا نرخی یەک لیتر بەنزین لە جۆری نۆرماڵ بۆ ٧٥٠ دینار بەرزبووەتەوە. لەماوەی سی ساڵ حکومڕانی دەسەڵاتی کوردی و بەدرێژایی نۆ کابینەی یەک لەدوای یەک نەیانتوانیوە کێشەی بەنزین چارەسەربکەن.
كـ ، ئـ