سەردێڕ:

فەرماندەیەکی پێشمەرگە: یەکنەگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بۆ گرفتی سیاسی دەگەڕێتەوە

فۆتۆ: 
2021-07-01

890 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکی لیژنەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، هەوڵەکانی بۆ یەکخستنەوەی هیزەکانی پێشمەرگە مێژوویەکی درێژی هەیە بەڵام تا ئێشتا جێبەجێ نەکراوە، دەشڵیت، "ناکرێت پارتی و یەکێتی هێزی پێشمەرگە بۆ دووبەرەکی سیاسی بەکاربهێنن".


بەختیار محەمەد ئەندامی لیژنەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە لەمیانەی بەشداریکردنی لە پرۆگرامی تاوتوێی ئێن ئاڕتیدا باسی لەوەکردووە، هەوڵەکان ب یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە مێژوویەکی درێژی هەیە و ناکرێت پارتی و یەکێتی هێزی پێشمەرگە بۆ دووبەرەکی سیاسی بەکاربهێنن.

ئەو ئەندامەی لیژنەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە باسی لەوەشکردووە، هەتا پارتی و یەکێتی رێککەوتنی سیاسی و ئیداریان نەبێت هێزی پێشمەرگە یەکناگرێتەوە و ئەو هەوڵانەشی بۆ یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە گیراوەتەبەر، تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە. دەشڵێت، "تا ئێستا ۱۲ لیوای وەزارەتی پێشمەرگە یەکخراونەتەوە".

لەبارەی هەوڵە نوێیەکان بەمەبەستی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەوە، بەختیار محەمەد ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئێستادا لیژنەیەک لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و هاوپەیمانان دروستکراوە بۆ یەکخستنەوەی پێشمەرگە و هاوپەیمانان تکا دەکەن هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ یەکبگرنەوە بەڵام حزبەکان پشتگوێی دەخەن. دەشڵێت، "یەکنەگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بۆ گرفتی سیاسی دەگەڕێتەوە نەک سەربازی".

لەهەرێمی کوردستان هێزەکانی پێشـمەرگە بەسەر هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستاندا دابەشبوون ، ماوەیەکیشە بە نێوەندگیری هێزەکانی هاوپەیمانان هەوڵی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە دەدرێت.