سەردێڕ:

حکومەتى هەرێم: داوا لە قەوارە نێودەوڵەتییەکان دەکەین رێز لە بڕیارەکانی دادگا بگرن

فۆتۆ: 
2021-07-01

1104 جار خوێندراوەتەوە

لە وەڵامى نیگەرانییەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان و یەکێتی ئەوروپا و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لەبارەی سزادراوانی بادینانەوە، حکومەتی هەرێم رایگەیاند، دادگاکان سەربەخۆن و حکومەتیش دەست لە پرۆسە یاساییەکان وەرنادات، داواشى لەو لایەنانە کردووە رێز لە بڕیارەکانی دادگا بگرن.


نوسینگەی رێکخەرى راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەشكردووە، دەستبەسەرکردن و دەستگیرکردن تەنیا بە بڕیاری دادگا جێبەجێدەکرێن.

ئەوەش خراوەتەڕوو، "حکومەتی هەرێمی کوردستان میدیای ئازاد بە کۆڵەکەیەکی گرنگی حکومڕانی و توخمێکی بنەڕەتی دیموکراسی دەزانێت و شانازیش بەوەوە دەکات کە کوردستان میدیای ئازاد و بێ بەندوباوی هەیە و نمونەی بەرجەستەکردنی بەهاکانی ئازادی رادەربڕین و ئازادی راگەیاندنە لە ناوچەکە و هەمیشە پێویستی هەیە بۆ بەرەو پێشبردنی دۆخەکە."

حکومەتی هەرێم وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا بانگهێشت دەکات بۆ بەرەوپێشبردنی چاکسازیی یاسایی و دادوەرییەکان لە هەرێم و دەشڵێت، "دامودەزگاکان سەبارەت بە پرسی ئازادییەکان لەگەڵ رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و سەندیکای ڕۆژنامەنوسان لە گفتوگۆدان."

ئەوەش لەکاتێکدایە، دەستگیرکردنى چالاکوانانی بادینان و سزادانیان بە شەش ساڵ زیندانی زۆرترین کاردانەوەى بەدواى خۆیدا هێناوە، ساڵانەش بەردەوام لە راپۆرتە نێودەوڵەتییەکاندا رەخنە لە سیستمى دادوەریی و پێشێلکردنى مافەکانى مرۆڤ لە هەرێم دەگیرێت.