كەشناسێکی عێراق پێشبینی دەکات، ئەمڕۆ هەینی تا ماوەی هەفتەیەک پلەکانی گەرما لە تەواوی ناوچەکانی عێراق دابەزێت.
حسێن ئەسەدی کەشناسی عێراق لە فەیسبووک بڵاویکردەوە، پلەکانی گەرما لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و خۆرئاوای عێراق دابەزینێکی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێت بەڵام لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق پلەکانی گەرما بە رێژەیەکی کەمتر دادەبەزێت.
باسی لەوەشکرد، لە رۆژی شەممەوە پلەکانی گەرما زیاتر دادەبەزێت بەتایبەت لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق بە جیاوازی سێ پلەی سلیزی بەراورد بە ئێستا، بەمەش کەش و هەوا دەگەڕێتەوە دۆخی ساڵی رابردوو.
حسێن ئەسەدی ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم دابەزینە بەدرێژایی هەفتەیەک بەردەوام دەبێت و پلەکانی گەرماش لە باکور و ناوەڕاستی عێراق ٤٦ پلەی سلیزی تێپەڕنابێت و لەناوچەکانی باشوردا دەگاتە ٤٨ پلە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، چەند رۆژێکە پلەکانی گەرما گۆڕانکاری بەرچاویان بەسەرداهاتووە و بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و بەهۆی نەبوونی کارەبای بەردەوامیش بۆ کارپێکردنی ئامێرەکانی فێنککەرەوەوە، هاوڵاتیان دووچاری گرفت بوونەتەوە.