بەگوێرەی نوسراوێک، حەمەی حەمەسەعید وەزیری رۆشنبیری كە تاكە وەزیری هەورامییە لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، داوا لە ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردە دەكات شێوەزاری هەورامی بخاتە پرۆگرامی خوێندنەوە.
لە نوسراوەکەی وەزیری رۆشنبیریدا هاتووە، "خەڵک و رۆشنبیرانی هەورامان گلەیی لە حكومەتی هەرێم دەكەن لەوەی گرنگی بە شێوەزارەكەیان نادات لەناو پرۆگرامی خوێندندا" و داواش دەکات، "لە قۆناغی بنەڕەتیدا، لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە وانەیەک بە شێوەزاری هەورامی بخوێندرێت."
وەزیری رۆشنبیری ئاماژەی بەوەكردووە، زاراوەی هەورامی دەیان هەزار لاپەڕە دەستنوسی كۆنی پێ نوسراوەتەوە و لە رابردوودا زمانی نوسین و ئەدەبیاتی كوردی بووە، بۆیە داوا لە وەزارەتی پەروەردە دەكەن دراسەی ئەم بابەتە بكات و بیخاتە بەردەم ئەنجومەنی وەزیرانەوە.
حەمەی حەمەسەعید باسی لەوەشكردووە، "ماوەی زیاتر لە پێنج ساڵە یونسكۆ هۆشداری دەدات لە لەناوچوونی چەند زمان و زاراوەیەک كە هەورامیش یەكێک لەو زاراوانە."
زاراوەی هەورامی؛ یەکێکە لە زاراوەکانی زمانی کوردی و بەشێک لە دانیشتوانی پارێزگای هەڵەبجە لە هەرێمی کوردستان بەو زاراوەیە قسە دەکەن.