پەرلەمانی عێراق جارێکیتر نەیتوانی کابینەكهی عادل عەبدولمەهدی تەواو بکات و لەکۆی پێنج پۆستی وەزاریی بەتاڵ، تەنها دوو کاندیدی پەسەندکرد، ئەوانیش وەزیرانی پەروەردە و کۆچ و کۆچبەران بوون.
پەرلەمانی عێراق جارێکیتر نەیتوانی کابینەكهی عادل عەبدولمەهدی تەواو بکات و لەکۆی پێنج پۆستی وەزاریی بەتاڵ، تەنها دوو کاندیدی پەسەندکرد، ئەوانیش وەزیرانی پەروەردە و کۆچ و کۆچبەران بوون.
ئەم گیرخواردنەی پەرلەمان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ناکۆکییە توندانەی لەسەر هەر سێ وەزارەتی بەرگری و ناوخۆو داد، لەئارادان و ململانێکانی پارتی و یەکێتیش لەسەر وەزارەتی داد تەوەرەیەکی سەرەکیین لەو قەیران و ئاڵۆزییە سیاسییەی کە ئێستا بەرۆکی حکومەتی عادل عەبدولمەهدی گرتووەتەوە.
لەدانیشتنی دووشەممەدا کاتێک دەنگدان لەسەر وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگریی خرانە خشتەی کارەوە، مشتومڕو شەڕە قسە لەنێوان پەڕلەمانتاران لەناو هۆڵەکە بەرز بوویەوە.
وەزارەتی داد کە بە پشکی کورد دانراوە، بە بەتاڵی و بەبێ کاندید هێڵراوەتەوە، چونکە بەڤیتۆی پارتی، خالید شوانی لەو کێبەرکێیە دوورخرایەوە، بەگوشاری یەکێتی و هێزە هاوپەیمانەکانیشی، چارەنووسی دادوەر دارا نورەدین کە کاندیدی جێگرەوەیە چوونە ناو بارودۆخێکی نادیار.
بەپێی ئەو نامەیەی کە عەبدولمەهدی ئاڕاستەی سەرۆکی پەرلەمانی کردووە، بژاردەکان بۆ وەزارەتی داد خستنە دەنگدانی ناوی دارا نورەدینه کە پارتی پاڵپشتی لێ دەکات، یان پێشکەش کردنی کاندیدێکی نوێ و جێگرەوەیە کە ڕوون نییە لەیەکێتی دەبێت یان پارتی، چونکە هەردوولا لەدەرفەت و ساتەوەختی جیادا لەرێگەی هاوپەیمانەکانیانەوە توانیویانە کاریگەریی لەسەر ئەم دۆسیەیە دروست بکەن چ بە دورخستنەوەی ناو بێت یان ڕاگرتنی دەنگدان بێت لەسەر کاندیدی پێشنیارکراو، هەندێ سەرچاوەی سیاسیش باس لەوە دەکەن ئەگەری زۆر هەیە ئەو پۆستە دانرابێت بۆ مامەڵە پێوەکردن بەرامبەر پۆستەکانی کابینەی داهاتووی حکومەتی هەرێم.
دەربارەی وەزارەتی بەرگریی، پەڕلەمان متمانە بەخشینی بەفەیسەڵ جەربا ڕەتکردەوە، کە لەلایەن لیستەکەی عەللاوییەوە پاڵپشتی دەکرێت و تۆمەتبارە بە بەشداریی لەسەرکوتکردنی ڕاپەڕینی شیعەکان لە ساڵی ١٩٩١ کاتێک لەریزەکانی سوپای سەدام دا ئەفسەر بوو، ئەم رەتکردنەوەیەش دەرگا دەکاتەوە بۆ ئەگەری کاندیدکردنی سەلیم جبوری بۆ ئەو پۆستە کە لەهەوڵی چڕدایە بۆ وەرگرتنی، بەڵام لەبەر ئەوەی هیچ ئەزموون و پێشینەیەکی سەربازیی نییە پشتیوانیی زۆری لێناکرێت.
سەبارەت بەوەزارەتی ناوخۆ، قەیرانی فالح فەیاز زیاتر بەرەو ئاڵۆزی ڕۆشت، چونکە، جگە لەوەی نەخرایە دەنگدانەوە تا قبوڵ یان رەت بکرێتەوە، بەم پێیەش لەماوەی داهاتوودا دابەش بوون و ڕکابەریی لەسەر مانەوەی وەک کاندید زیاتر قووڵتر دەبێتەوە، چونکە لەکاتێکدا کە ناوبراو هەموو پاڵپشتییەکی دۆستانی ئێرانی هەیەو کاندیدی هێزەکانی حەشدی شەعبییە، کەچی لەلایەن سەدرو عەبادی و عەممار حەکیمەوە ڤیتۆی لەسەرەو کە هەر سەرە دێتە سەر دەنگدان لەسەر ناوەکەی لەناو پەڕلەماندا دەبێتە ئاڵۆزی و رێژەی یاسایی نامێنێت.
شارەزایانی دۆخی عێراق پێیانوایە، ئەوەی لەکابینەی عەبدولمەهدی دەگوزەرێت ململانێی شکاندنی ئیرادە و نمایشکردنی بازووە لەنێوان بەرەو لایەنە ڕکابەرەکان، سەرەنجامی ئەم ناکۆکییانەش خراپ دەشکێتەوە لەسەر کابینەی عەبدولمەهدی چونکە سەرۆک وەزیران 100 رۆژی داناوە بۆ دانانی بەرنامەی وەزاریی و کۆی کابینەکەش شەش مانگ تا سالێک مۆڵەتی هەیە بۆ خۆ سەلماندنی کەچی دوو مانگە نەیتوانیوە وەزیرەکان تەواو بکات و ببێتە کابینەیەکی تەواو.