پاش تێپەڕبوونى ١٠٠ ڕۆژ بەسەر پێکهێنانى کابینەى عەبدولمەهدیدا مەرجەعى باڵاى شیعە لە عێراق ئایەتوڵڵا عەلى سیستانى نەخشە ڕێگایەکى نوێى بۆ حکومەت و لیستە سیاسییەکان خستەڕوو، کە زۆرێک بە دوا هۆشیاریدانى ناوبراو لێکدەدەنەوە بەرلەوەى خۆپیشاندانە وەرزییەکانى هاوینى عێراق نزیکببنەوە.
پاش تێپەڕبوونى ١٠٠ ڕۆژ بەسەر پێکهێنانى کابینەى عەبدولمەهدیدا مەرجەعى باڵاى شیعە لە عێراق ئایەتوڵڵا عەلى سیستانى نەخشە ڕێگایەکى نوێى بۆ حکومەت و لیستە سیاسییەکان خستەڕوو، کە زۆرێک بە دوا هۆشیاریدانى ناوبراو لێکدەدەنەوە بەرلەوەى خۆپیشاندانە وەرزییەکانى هاوینى عێراق نزیکببنەوە.
نەخشە ڕێگاکەى سیستانى ئێوارەى چوارشەممە لە پاش میوانداریکردنى نوێنەرى تایبەتى نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق خاتوو جینین بلاسخارت و شاندێکى یاوەریدا لە ڕێى نوسینگەکەیەوە لە نەجەف ئاشکراکرا، لەکاتێکدا ناوبراو بۆ شەش ساڵ دەچێت پێشوازیی لە سەرۆکایەتییەکان و بەرپرسانى باڵاى حکومەتى عێراق نەکردووە.
لەم پەیامە نوێیەیدا سیستانى هۆشیاریی داوە لەوەى، ئەگەر لیستە سیاسییەکان میتۆدى خۆیان نەگۆڕن لە مامەڵە لەگەڵ کێشەکانى وڵات، ئەوە قەیرانەکان وەک خۆیان بەردەوام دەبن و چارەسەرنابن.
هەروەها جەختى کردووەتەوە، عێراق ڕەتیدەکاتەوە ببێتە ناوەندێک بۆ ئازاردانى وڵاتانی تر، ئەمەش بە وەڵامى لێدوانەکەى تڕەمپ لێکدەدرێتەوە، کە ئاماژەى بە بەکارهێنانى بنکە سەربازییە ئەمەریکییەکانى عێراق کردبوو بۆ چاودێریکردنى ئێران لەلایەن سوپاى وڵاتەکەیەوە.
بەپێى بۆچوونى سیستانى، حکومەتى نوێ کە عادل عەبدولمەهدى سەرۆکایەتى دەکات، ئەرکى گەورەى لەپێشە، پێویستیشە لە کارنامەى خۆیدا سەرکەوتن پیشانبدات لەکاتێکى نزیکدا، بەتایبەت لە بوارەکانى بەرەنگاربوونەوەى گەندەڵى و باشکردنى ڕەوشى خزمەتگوزارییەکان و سوککردنى خەم و ژانى هاوڵاتییان، بەتایبەتی تریش لە پارێزگاى بەسرە، کە هێشتا قەیران و کێشەى پیسبوونى ژینگە و خراپى ئاوى خواردنەوە و بێکاریی گەنجانى هەیە.
سەبارەت بە جێکەوتەکانى شەڕى داعش، سیستانى بە پێویستى زانیوە کاربکرێت بۆ بە خێرایی گێڕانەوەى ئاوارەکان بۆ زێدى خۆیان و ئاوەدانکردنەوەى ناوچەکانیان، ئەمەش لەپێناو کەمکردنەوەى مەترسیی سەرهەڵدانى توندڕەویی نوێ جارێکی تر لەو ناوچانە و بۆ گەیشتن بەم ئامانجەش داواى کۆمەک و هاوکاریی لە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى کردووە.
هاوکات لەگەڵ ئەمەشدا، سیستانى داواى پاراستنى ئاشتیی کۆمەڵایەتى و جیاکارینەکردنى کردووە لەگەڵ ڕۆڵەکانى عێراق، لەگەڵ چاودێریکردنى کەمایەتییە نەتەوەیی و ئاینییەکان.
لە تەوەرەیەکی ترى گرنگیی نەخشەڕێگەکەیدا سیستانى پێداگرە لەسەر جێبەجێکردنى یاسا بەسەر سەرجەم هاوڵاتییانى عێراق و نیشتەجێکارى ئەم وڵاتە بەبێ جیاوازی لەگەڵ قەتیسکردنى چەک لە دەستى حکومەتدا، بەدواى ئەوەشدا وەستانەوە بە ڕووى یاسا شکێنییەکان لەپێش هەموویانەوە کارەکانى تیرۆر و ڕفاندن و سزادانى ئەنجامدەرانیان، سەربارى جیاوازیی ئینتیماى فیکرى و سیاسییان، زۆرێک لە چاودێرانیش ئەمە بە ئاماژەیەک بۆ چەکى گروپە چەکدارەکانى شیعە دەخوێننەوە، کە زۆرێکیان قەوارەى سەربازی و سیاسەتى دەرەکیی تایبەت بە خۆیان هەیە و لە لێدوان و مامەڵەکردندا سیاسەتى حکومەت تێدەپەڕێنن.
بەدواى ئاشکراکردنى ئەم نەخشەڕێگایەشدا زۆربەى حزب و لیست و لایەنە شیعەکان بەیاننامەى پێشوازییان دەرکردووە، هەندێ لەو بەیاننامانەش ئەمە بە دوا دەرفەت دەزانن بۆ حکومەتى عێراق کە شکستەکانى قۆناغى ڕابردوو بخاتە سەر ڕێگاى ڕاستکردنەوە.
ئ.ر