لە هەنگاوێکى نوێدا، دەستەى دەستپاکى عێراق، پێش هەرێمى کوردستان کەوت و بە یاسا پارەى دزراوى هاووڵاتییانى عێراق لە دەرەوەى وڵات دەگەڕێنێتەوە بۆ خەزێنەى دەوڵەت.
لە هەنگاوێکى نوێدا، دەستەى دەستپاکى عێراق، پێش هەرێمى کوردستان کەوت و بە یاسا پارەى دزراوى هاووڵاتییانى عێراق لە دەرەوەى وڵات دەگەڕێنێتەوە بۆ خەزێنەى دەوڵەت.
دەستەی دەسپاکى عێراق یاسایەکی هەموارکراوی دەرکرد سەبارەت بە ياساى گەڕاندنەوەی پارەکانی عێراق لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە، کە لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە پەسەندکراوە و سەرۆک کۆماریش لە ١٨ی تەموزی ڕابردوودا ڕەزامەندیی لەسەر نیشاندا.
یاساکە لە ٥ی ئەم مانگەدا لە میدیاکانی عێراق بڵاوکرایەوە، ئامانج لێی دروستکردنی سندوقێکە بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پارانەی لەلایەن هەندێک بەرپرسی عێراقەوە دزراون.
سندوقەکە لەلایەن ئەنجومەنێکەوە بە سەرۆکایەتیی سەرۆکی دەستەی دەسپاکى و نوێنەرایەتی وەزارەتەکانی دەرەوە و دارایی و نەوت و داد و بازرگانی و بانکی ناوەندی و دیوانی چاودێریی دارایی و دەزگای هەواڵگریی نیشتیمانی و دەستەی باڵای دادوەریی و لێپرسینەوەوە بەڕێوەدەبرێت و، هەموو مانگێک جارێکیش ئەنجومەنەکە بە ئامادەبوونی سەرجەم ئەندامەکانی کۆدەبێتەوە.
بەپێی یاساکە، کە ژمارەیەک بڕگە لە ماددەی ٤ی یاساکە لابراوە و بڕگەی تر لە جێگەی دانراوە، هەر بەرپرسێک هاوکاریی بکات ئەوا ڕێژەی ٢٥%ی ئەو پارەیەی کە دەستیبەسەرداگرتووە لێی خۆش دەبن، بە مەرجێک ئەو ڕێژەیە نەگاتە پێنج ملیۆن دۆلار، بەڵام ئەگەر ڕێژەکە لەوە زیاتربوو ئەوا دەبێت ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری لەسەر بدات.
هەر بەپێی یاساکە ڕێژەی ١٠%ی پارەی بەرپرسێک وەک خەڵات دەدرێت بەو کەسەی زانیاریی داوە لەسەر بەرپرسەکە، بە مەرجێک ڕێژەی خەڵاتەکە نەگاتە پێنج ملیۆن دۆلار و کاتێکیش بەو کەسە دەدرێت کە بڕی پارەی وەرگیراو چووبێتە هەژماری وەزارەتی دارایی عێراقەوە.
لە یاساکەدا بڕگەی یەکەم لە ماددەی پێنج لابراوە و دەقێکی تر دانراوە، کە تیایدا ئاماژە بە پێکهێنانی لیژنەیەکی وردبینی و لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون دەکات، لیژنەکەش بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی دەسپاکى سەرۆکایەتیی دەکات، کە دوو نوێنەر بە پلەی پسپۆڕ یان بەڕێوەبەری شارەزا لە هەردوو وەزارەتی دەرەوە و داد لەخۆدەگرێت.
هەروەها ژمارەیەک بڕگە خراوەتە ناو ماددەی ١٣ی یاساکە، تیایدا ئەنجومەنەکە پشتگریی لە دەستەی دەستپاکى دەکات بە پێدانی زانیاریی لەپێناو گەڕاندنەوەی ئەو پارانەی بەهۆی گەندەڵییەکانی دوای ساڵی ٢٠٠٣وە بۆ دەرەوەی عێراق گواستراونەتەوە.
جگە لەوەش یاساکە حکومەتی بەغدای پابەندکردووە، کاتێک ڕێککەوتنی وەبەرهێنان و ئابووری لەگەڵ هەر وڵاتێک واژۆبکات کە پارەی دزراوی عێراقییان لایە، لەگەڵ ئەو وڵاتە ڕێکبکەوێت بۆ گەڕاندنەوەی پارەکان.
ئەم دەستپێشخەرییەى دەستەى دەستپاکى عێراق لەکاتێکدایە، بە وتەى چەندین سەرچاوە کە دواهەمینیان ناوەندێکى ئەوروپى بوو، چەندین ملیار دۆلارى هاووڵاتییانى هەرێمى کوردستان لەلایەن بەرپرسانى پارتى و یەکێتییەوە براوەتە دەرەوەى هەرێم و خراوەتە سەر ئەکاونتە بانکییە شەخسییەکانیان، بەڵام دەستەى دەستپاکى هەرێم و لیژنەى دەستپاکى لە پەرلەمان تا ئێستا نەیانتوانیوە یاسایەک بۆ گێڕانەوەى ئەو پارە دزراوانەى خەڵک دەربکەن.
بردنە دەرەوەى ئەو ملیاران دۆلارەى خەڵکى کوردستان لەلایەن پارتى و یەکێتییەوە، لەکاتێکدایە هاووڵاتییانى کوردستان لە خراپترین دۆخى ئابووریى خۆیاندان و حکومەتیش چەندین ملیارى موچەى فەرمانبەران و وەبەرهێنەرانى ناوخۆ و دەرەوە قەرزارە و وڵاتەکەش پرۆژەیەکى ستراتیژیى گرنگى تیا دروست نەکراوە. بە پێچەوانەوە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانیش وەک رێگەکانى هاتووچۆ و زۆر کەرتى ترى خزمەتگوزارى بەرەو وێرانبوون چوون.
وێڕاى نەتوانینى دەرکردنى یاسایەک بۆ گەڕاندنەوەى پارەى دزراوى هاووڵاتییانى کوردستان، تا ئەم ساتەش نە دەستەى نەزاهە توانیوویەتى وەزیرێک یان بەرپرسێکى باڵا بباتە بەردەم دادگا و، نە لیژنەى دەسپاکى لە پەرلەمانیش توانیوویەتى وەزیرێک بانگهێشتى پەرلەمان بکات بۆ لێپرسینەوە.