بەپێی پلانێکى وەزارەتى پیشەسازیی و بازرگانیی عێراق، لەڕێگەى بریکارەکانەوە جگەرە بە نرخێکى کەم دابەشدەکرێت بەسەر هاوڵاتییاندا.
بەپێی پلانێکى وەزارەتى پیشەسازیی و بازرگانیی عێراق، لەڕێگەى بریکارەکانەوە جگەرە بە نرخێکى کەم دابەشدەکرێت بەسەر هاوڵاتییاندا.
جگەرە ھۆکاری سەرەکیی نەخۆشی شێرپەنجەیە، رەنگە ئەم دەستەواژەیە زۆربەمان لەسەر پاکەتی جگەرە خوێندبێتمانەوە و، ئەوەش دەزانین کە ساڵانە وڵاتە پێشکەوتووەکان بە ڕیگای جیاواز جیاواز ھەوڵی بنەبڕکردنی دیاردەی جگەرەکێشان دەدەن، بە نمونە لە وڵاتی سوید سەرەڕای ئەوەی کە ماوەی دە ساڵە جگەرە لە شوینە گشتییەکان قەدەغەکراوە، ئەمساڵ بە بڕیارێک تەنانەت لەسەر شەقامەکانیش ئەو دیاردەیە قەدەغەکراوە.
بەڵام وادیارە عێراق بە پێچەوانەوە ھانی ئەم دیاردەیە دەدات ئەوەتا بە پلانێکی ھاوبەشی نێوان ھەردوو وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانیی عێراق و، بە بیانووی پاڵپشتی لە پیشەسازی ناوخۆیی ھەوڵدەدریت جگەرەی سۆمەر لە ڕێگای وەکیلەکانی خۆراکەوە دابەشبکرێت بەسەر ھاوڵاتییان.
دەربارەى ئەوەى لە ڕێگەى بەشە خۆراکى مانگانەوە دەدرێت بە هاوڵاتییانى هەرێمى کوردستان، وتەبێژى وەزارەتى پیشەسازى دەڵێت، تەنیا شارەکانى عێراق دەگرێتەوە و بۆ هەرێم نانێردرێت.
محەمەد حەنون وتەبێژی وەزارەتی پیشەسازیی عێراق دەڵێت، ئەوە پێشنیازێکى وەزارەتەکەیان بوو و پەسەندیانکرد، وەک پاڵپشتییەک بۆ پیشەسازى ناوخۆ، بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەکیان پێکهێناوە لە ڕێگەى بریکارەکانیانەوە لە هەموو عێراقەوە دابەشی بکەن بەسەر هاوڵاتییاندا.
ئەگەرچی لە بڕیارەکە ھاتووە کە ھاوڵاتی سەرپشک دەکریت لە کڕین یان نەکڕینی جگەرەی سۆمەر، بەڵام بەشێکی زۆر لە ھاوڵاتییان دەڵێن فرۆشتنی ئەو جگەرەیە لە ریگای وەکیلەکانی خۆراکەوە بە نرخێکی ھەرزان، پاڵنەری ئەوەیە کە خواست لەسەر ئەو جگەرەیە و کێشانی زۆر ببێت، ئەمە لەکاتێکدایە لەڕووی یاساییەوە لە عێراق ریکلامکردن و ھەوڵدان بۆ پڕفرۆشکردنی جگەرە بە ھەموو شێوازێک قەدەغەیە.
عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی کە پێشەنگە لە پیسبوونی ژینگە و خراپبوونی کەرتی تەندروستی، بە شێوازێک تەنھا ساڵی ٢٠١٧ لە سەرانسەری عێراق ٢٥٠٣ حاڵەتی شێرپەنجە تۆمارکراوە و ریکخراوەکانی بواری تەندروستییش دەڵێن، حوکمەت لەبری چارەسەرکردنی دۆخی تەندروستی لە عێراق، بەم جۆرە بڕیارانە خراپتری دەکات.