بەپێی راپۆرتێکى هاوبەشی وەزارەتى بەرگرى عێراق و حەشدى شەعبی و لیژنەى ئەمن و بەرگرى پەرلەمان، عێراق دەیەوێت سیستمى بەرگرى ئێس ٣٠٠ى روسی بکڕێت.
بەپێی راپۆرتێکى هاوبەشی وەزارەتى بەرگرى عێراق و حەشدى شەعبی و لیژنەى ئەمن و بەرگرى پەرلەمان، عێراق دەیەوێت سیستمى بەرگرى ئێس ٣٠٠ى روسی بکڕێت.
درەنگانێکى شەوى ١٩ى ئەم مانگە، لە سنورى نێوان عێراق و سوریا دوو هێرشى ئاسمانى کرایە سەر بارەگایەکى هاوبەشى هێزەکانى حەشدى شەعبى و سوپاى پاسدارانى ئێران.
ئەو بارەگایەى کە هێرشی کراوەتە سەر دەکەوێتە نێوان قەزاى قایمى پارێزگاى ئەنبار لە عێراق و شارۆچکەى بوکەمالى سوریا، کە کۆتا شارۆچکەى سوریایە لە سنورى عێراق.
بەهۆى هێرشەکەوە، بەپێی زانیارییە هەواڵگیرییەکان یاریدەدەرێکى قاسم سولەیمانى فەرماندەیی فەیلەقى قودسى ئێران و چوار ئەفسەر کوژران کە سیانیان سەر بەحەشدى شەعبین و یەکێکیشیان سەر بە سوپاى پاسدارانە.
بەپێی زانیارییە هەواڵگیرییەکان، زیاتر لە ٣٠ کەسى تریش لە هێرشەکەدا کوژران کە پێکهاتوون لە چەکدارى حەشدى شەعبى و سوپاى پاسداران.
جگە لەو هێرشانەى کە درەنگانێکى شەوى ١٩ى ئەم مانگە کراوەتە سەر حەشدى شەعبى و سوپاى پاسداران لە سنورى عێراق و سوریا، بەپێی راپۆرتێکى هاوبەشى وەزارەتى بەرگرى و حەشدى شەعبى و لیژنەى ئەمن و بەرگرى پەرلەمانى عێراق، تا ئێستا ١٣ هێرشى ئاسمانى کراوە سەر بارەگاکانى حەشدى شەعبى لە خاکى عێراق، کە ژمارەیەک لە هێرشەکان لە رێگەى فرۆکەى بێفرۆکەوانەوە بووە.
وەک لە راپۆرتەکەدا هاتووە، ئیسرائیل تۆمەتبارى سەرەکى هێرشەکانە، هەروەها داواش لە حکومەتى عێراق کراوە، کە سیستمى بەرگرى بکڕێت، بۆ ئەو مەبەستەش وەزارەتى بەرگرى دوو جار شاندى ناردووەتە روسیا بۆ کرینى سیستمى بەرگرى ئێس ٣٠٠، بەڵام بەهۆى گرانى نرخەکەى تا ئێستا بەغدا و مۆسکۆ نەگەشتوونەتە رێککەوتن.
گرنگترین ئەو شوێنانە کە لە ماوەى دوو مانگى رابردوو هێرشکراوەتە سەر بارەگاکانى حەشدى شەعبى لە خاکى عێراق پێکهاتوون لەمانە، سنورى ناحیەی ئامرلی پارێزگای سەڵاحەدین، هەروەها کەمپی ئەشرەف لە پارێزگای دیالە.
لەگەڵ تەقینەوەی کۆگای چەک و تەقەمەنی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە سەربازگەی سەقەری باشوری بەغدا، هەروەها بۆردومانکردنى دوو ئۆتۆمبێلى حەشدی شەعبی لە سنووری قەزای قائیم لە پارێزگای ئەنبار کە لە لایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە بۆردومان کران.
ئێستا پرسیارى سەرەکى ئەوەیە ئایا هەوڵە دیبلۆماسییەکان و فشارەکانى عێراق دەبێتەهۆى کۆتاى هاتنى هێرشەکانى سەر حەشدى شەعبی، یان لە رێگەى هەوڵەکان بۆ کرینى سیستمى بەرگرى ئێس ٣٠٠ روسى لە لایەن حکومەتى عێراقەوە سنورێک بۆ هێرشەکان دادەنرێت.