سەردێڕ:

واشنتۆن هێزی زیاتر رەوانەی عێراق دەکات

فۆتۆ: 
2020-01-02

3446 جار خوێندراوەتەوە

​هەرچەندە چۆڵکردنی بەردەم باڵێۆزخانەی ئەمريکا لە بەغدا بە مەرجی جێبەجێکردنی ياسای دەرکردنی هێزە بيانيەکانە لەعێراق بوو، بەڵام لەم نێوەندەدا واشنتۆن هێزی زياتری ڕەوانەی عێراق کرد.


هەرچەندە چۆڵکردنی بەردەم باڵێۆزخانەی ئەمريکا لە بەغدا بە مەرجی جێبەجێکردنی ياسای دەرکردنی هێزە بيانيەکانە لەعێراق بوو، بەڵام لەم نێوەندەدا واشنتۆن هێزی زياتری ڕەوانەی عێراق کرد.

دوای دوو رۆژ لە خۆپيشاندان و هێرشکردن بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا، بەرپرسانی حەشدی شەعبی رايانگەياند، لەدوای وەرگرتنی بەڵێنێک لە عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزيرانی کاربەڕێکەری عێراق بۆ داڕشتنی یاسایەک بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بڕياريان داوە لە بەردەم باڵيۆزخانەی ئەو وڵاتە بکشێنەوە.

حزبوڵای عێراقی کە بەشێکە لە حەشدی شەعبی باس لەوەدەکات، لە هەفتەی داهاتووەوە چاودێری کارەکانی پەرلەمان دەکەن، بۆ دەستکردن بە داڕشتن و دەرکردنی یاسایەک بۆ دەرکردنی هێزە بیانییەکان.

لەگەڵ ئاڵۆزبوونی دۆخی عێراق بەرپرسانی شیعە لە هەوڵی ئەوەدان ئەو پڕۆژە یاسایەی کە لەماوەی ڕابردوودا ئامادەکرابوو پێشکەش بە پەڕلەمان بکەن.

لە بەرامبەر ئەو هەوڵانەی شيعەدا، ئەمريکا بەردەوامە لە ناردنی هێز بۆ عێراق و ناوچەکە و لە ماوەی ٧٢ کاتژمێری ڕابردوودا ئەمريکا بەسێ قۆناغ نزيکەی هەزار و ٥٠٠ سەربازی بۆ عێراق و کوەيت ناردووە.

هێزی يەکەم، کە ژمارەيان بە دەيان سەربازی مارێنز بوو، لە يەکی مانگدا بە سێ فڕۆکە لە باڵيۆزخانەی ئەمريکا لە عێراق نيشتنەوە.

هێزی دووەم، ژمارەيان ٥٠٠ سەرباز بوو، لە وڵاتی کوەيت کە دراوسێی عێراقە بڵاوکراونەتەوە و لە ئامادە باشيدان.

هێزی سێيەم، کە ژمارەيان ٧٥٠ سەرباز بوو بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نێردراوە، بەبێ ئەوەی وەزيری بەرگری جێگەی ئەو هێزانە دەستنيشان بکات.

هاوکات بڕيارە ئەمريکا چوار هەزار سەربازی ديکە بۆ ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بنێرێت.

ئەمەش لە کاتێکدايە بەر لە هێرشەکانی لايەنگرانی حەشدی شەعبی بۆسەر باڵيۆزخانەی ئەمريکا، پێنج هەزار سەربازی ئەمريکی لە عێراق هەبوون.

چاودێرانی سیاسی باس لەوە دەکەن مەبەست لە وروژاندن و پێشکەشکردنی ئەم پڕۆژە یاسایە لەلایەن بەرپرسانی حەشدی شەعبیەوە تەنها دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکایە لە ناوچەکە، نەک دەرکردنی هێزی بیانی لەکاتێکدا هەریەک لە ئێران و تورکیا بنکەی سەربازیان هەیە لە عێراق.

هەر لەمڕوانگەیەشەوە باس لەوە دەکەن پەسەندکردنی پڕۆژە یاساکە لەلایەن پەڕلەمانی عێراق و جێبەجێکردنی لە داهاتوودا زیان بە پەیوەندییەکانی عێراق و ئەمریکا دەگەیەنێت لە کاتێکدا لەساڵی ٢٠١١ەوە و لەدوای کشانەوەی بەشێک لە هێزەکانی لە عێراق بەپێی ڕێککەوتن بنکە سەربازییەکانی لەو وڵاتە دامەزراندووە.