پاش تەواوکردن و خستنەکاری بەنداوی "ئیلیسۆ" جارێکی تر وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق نیگەرانییەکانی خۆی لە بەرامبەر پرۆژەی "گاپ"ی تورکیا دەربڕی. لەم راپۆرتەدا، دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی مەترسی پرۆژەکە و کاریگەری لەسەر هەرێمی کوردستان و عێراق دەخاتەڕوو.
پاش تەواوکردن و خستنەکاری بەنداوی "ئیلیسۆ" جارێکی تر وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق نیگەرانییەکانی خۆی لە بەرامبەر پرۆژەی "گاپ"ی تورکیا دەربڕی. لەم راپۆرتەدا، دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی مەترسی پرۆژەکە و کاریگەری لەسەر هەرێمی کوردستان و عێراق دەخاتەڕوو.
عەونی زیاب وتەبێژی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق بە ماڵپەڕی ئەلعەرەبییەی راگەیاندووە، حکومەتی عێراق نیگەرانە لە تەواوکردنی پرۆژەکەی "گاپ"ی تورکیا لەسەر رووباری دیجلە.
راشیگەیاند، "پرۆژە ئاودێرییەکانی تورکیا نیگەرانی کردووین چونکە بڕێکی زۆر ئاو گلدەداتەوە و ئەمەش کاریگەری لە سەر سەرچاوەی ئاوی عێراق دادەنێت".
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو حکومەتی تورکیا رایگەیاند، بەنداوی "ئیلیسۆ"ی سەر رووباری دیجلە و چوارەمین و یەکێک لە گەورەترین بەنداوەکانی پرۆژەی گاپ تەواوبووە و کەوتووەتە کار، کە ٢٢ ساڵ لەمەوبەر دەست بە دامەزراندنی کراوە بە مەبەستی بەرهەمهێنانی هەزار و ٢٠٠ مێگاوات کارەبا بۆ ناوچەکە.
رۆژێک پاش لە راگەیاندنی ئەم هەواڵە، حکومەتی عێراقی نیگەرانییەکانی خۆی ئاشکراکرد، کە جگە لە بەنداوی "ئیلیسۆ" چەندین بەنداوی تر دروست دەکرێن و مەترسی بۆ سەر سەرچاوە ئاوییەکانی وڵات دروست دەکات.
زیاب ئەوەشی خستەڕوو، لە سەرەتای مانگی داهاتوو شاندێکی باڵای عێراقی بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی دۆسییەکەوە سەردانی تورکیا دەکات و لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی دوو لایەنە.
پرۆژەکە لە ناوچەیەکی باکوری کوردستانە و رووبەرێکی فراوانی دەکەوێتە سەر رووباری فورات و ناوچەکە بە هەرێمی گاپ ناسراوە.
یەكە كارگێڕیەكانی هەرێمەکە لە باکوری کوردستان بریتیە لە شارەکانی (باتمان، دیاربەكر، غازی ئەنتەب، سیرت، شانلی ئورفە، شیرناخ، كلیسن ئادیەمان و ماردین).
بەهۆی دروستکردنی ئەو دەیان بەنداوە لە باکوری کوردستان سەدان گوندی ناوچەکە چۆڵکراون و لە کۆی ١٩٩ گوند ٨٠ هەزار کەس ناچارکراون گوندەکانیان چۆڵبکەن.
بەهۆی دروستکردنی پرۆژەکە ٢٠%ی كۆی ئەو زەویانەی كە لە توركیادا بۆ ئاودێری دەستدەدەن و كۆی رووپێوەكانی دەگاتە هەشت ملیۆن و نیو هێكتار زەوی كە بریتیە لە دەشتە پان و بەرینەكانی حەوزی هەردوو رووباری دیجلە و فورات لە باکوری کوردستان، ئەمەش مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر کەرتی کشتوکاڵی ئەو ناوچەیە.
لەلایەکی ترەوە، پرۆژەکە کاریگەری نەرێنی لەسەر دابینکردنی سەرچاوەی ئاویی و ناوچە کشتوکاڵیەکان و بەرهەمی کشتوکاڵی و زۆربوونی روبەری بە بیابان بوون بۆ هەرێمی کوردستان دەبێت.
پرۆژەی باشوری خۆرهەڵاتی ئەنادۆڵ Güneydoğu Anadolu Projesi ناسراو بە " GAP"، پرۆژەیەکی گەشەپێدانی ئابوری تورکیایە بۆ ناوچەی باشوری خۆرهەڵاتی ئەنادۆڵ. بە ئامانجی فراوانکردنی رووبەر و توانای ئابوری و بەرهەمهێنانی کارەبایە لە دروستکرنی ٢١ بەنداو و تونێل و ١٧ وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا لەسەر هەردوو رووباری دیجلە و فورات.
بە گوێرەی پلانی تورکیا پێشبینیدەکرا کۆی پرۆژەکە لە ٢٠١٠ و بە بڕی ٣٢ ملیار دۆلاری ئەمریکی تەواو بکرێت. بەمەش ٢٢٪ی پێویستی وزەی کارەبای ئەو وڵاتە و بە توانای بەرهەمهێنانی هەشت هەزار و ٩٠٠ مێگاوات وزەی کارەبا لە یەک کاتژمێردا پڕدەکاتەوە. ئەمەش بەگەورەترین پرۆژەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە جیهاندا دادەنرێت.