بڕیارە ئەمڕۆ دەنگ لەسەر پرۆژەیاسای دادگای فیدراڵی بدرێت، ئەوەش ناکۆکی لەنێوان لایەنە سیاسیەکان دروستکردووە. دادگای فیدراڵی چیە و چ کاریگەرییەکی لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە؟
بەگوێرەی مادەی ٩٢ی دەستوری عێراق، دادگای باڵای فیدراڵی بریتییە لە دەستەیەکی دادوەریی سەربەخۆ لە رووی دارایی و کارگێڕییەوە، لە چەند دادوەرێک و شارەزای فیقهی ئیسلامی و یاساناس پێکهاتووە، ژمارەیان و شێوازی دەستنیشانکردن و هەڵبژاردنیان و کاری دادگاکە، بە یاسایەک رێکدەخرێت. ئەم دادگایە لە رووی پێکهاتە و ئەرک و پسپۆڕی و دەسەڵاتەکانی، لە دادگاکانی دیکەی عێراق جیاوازترە.
ژمارەیان چەندە؟
دادگای باڵای فیدراڵی بەپێی مادەی سێ بە فەرمانی ژمارە ٣٠ ساڵی ٢٠٠٥، لە سەرۆکێک و هەشت ئەندام پێکدێت کە لەلایەن ئەنجومەنی سەرۆکایەتییەوە دادەمەزرێن و بەم شێوەیە دابەشکراون، سێ شیعە، دوو کورد، دوو سوننە و تورکمانێک و کریستیانێک. لە ئێستاشدا بەشێک لە لایەن و فراکسیۆنە شیعەکان بەتایبەتی سائیرونی سەر بە رەوتی سەدر داوادەکەن ئەندامانی دادگاکە بۆ ١٥ ئەندام زیادبکرێت و بەشێک لە ئەندامەکانیشی شارەزایانی شەریعەتی ئیسلامی و فەقیهن.
چۆن ئەندامەکانی دەگۆڕدرێن؟
لە یاسای دامەزراندنی ئەندامانی دادگاکەدا ئاماژە بە ماوەی مانەوەی ئەندامەکانی نەکراوە کە دەبێت دادوەر لە پۆستی ئەندامێتی دادگای فیدراڵیدا بمێنێتەوە.
ئەمەش وا دەکات مانەوە لەو پۆستەدا بۆ هەتاهەتایی بێت، سەرۆک و ئەندامانی دادگاکە دەتوانن تا لە ژیاندابن لە پۆستەکانیان بمێننەوە، مەگەر خۆیان بە ئیرادە و رەزامەندی خۆیان رایبگەیەنن کە نایانەوێت چیتر لەو پۆستەدا بمێننەوە. یاخود ئەگەر تۆمەتبارکران بە تۆمەتی شەرەف یان خیانەتی نیشتیمانی یان تاوانی گەندەڵی. ئەمەش بە ناتەواوییەک لە یاساکەدا دادەنرێت.
ئەرکەکانی چین؟
لە دەوڵەتی فیدراڵیدا پێویستە دەزگایەکی باڵا هەبێت چاودێری هەرێمەکان و حکومەتی فیدراڵی بکات لەپێناو پاراستنی هاوسەنگی، چونکە ئەگەر ئامرازێک نەبێت کە زامنی دابەشکردنی دەسەڵاتەکان بکات، ئامرازێک رێگە بە هەردوولا نەدات، ناوەند و هەرێمەکان، دەستدرێژی بکەنە سەر دەسەڵاتی یەکتر و مافی یاسایی یەکتر پێشێلنەکەن. لە سیستمی فیدراڵیدا، دادگای باڵا وەک ناوبژیوانێک دەردەکەوێت و بڕیارەکانیشی دەبێت هەمووان پابەندبن پێیەوە.
کێشەکانی بەردەم پرۆژەکە چین؟
عەلی تەمیمی شارەزا لە یاسا ئاشکرایکرد، کە چەند گرفتێک لەیاساکەدا هەیە و لەوانەش:
یەکەم: لەبارەی چۆنیەتی پەسەندکردنی بڕیارەکانی دادگاکەوەیە کە ئایا بە ئامادەبوونی کۆی ئەندامەکانی بڕیارەکان پەسەند دەکرێن یان بە زۆرینەی دەنگ یان بە دەنگی یەک لەسەر سێی ئەندامانی؟
دووەم: لەبارەی بەشداریکردن و رۆڵی فەقیه و شەرعناسەکانەوەیە. هێزە عەلمانیەکان و کریستیان و تورکمان و بەشێک لە سوننە و شیعەکانیش پێداگری دەکەن لەسەرئەوەی فەقیهەکان دەبێت تەنها رۆڵی راوێژکاری بگێڕن و هیچ کاریگەریان لەسەر پەسەندکردنی بڕیارەکان نەبێت، ئەم رەوتەش خۆرئاوا پشتگیری دەکات.
لەلایەکی دیکەوە، بەشێک لە سوننەکان و شیعەکان داوادەکەن فەقیهەکان تەواو دەسەڵاتیان هەبێت و ژمارەیان چوار فەقیه بێت، ئەم رەوتەش لەلایەن ئێرانەوە پشتگیری لێدەکرێت.
سێیەم: بریتیە لە زیادکردنی ئەندامانی دادگاکە و بەشداریپێکردنی فەقیه و شارەزایانی شەریعەتی ئیسلامی تیایدا.
مەترسییەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان چییە؟
رەنگە بەڕێوەچوون و پەسەندکردنی ئەنجامی ریفراندۆمی هەرێمی کرودستان باشترین بەڵگە و زیندووترین رووداوێک بێت لە عێراقدا روویدا و لە ئەنجامدا دادگای باڵای فیدراڵی ئەنجامەکانی رەتکردەوە و هەڵیوەشاندەوە.
لەلایەکی دیکەوە، مانەوەی ئەندامەکانی بە هەمیشەیی و زیادکردنی ئەندامەکانی و هێنانە پێشەوەی چەند فەقیهێک بۆ ناو دادگاکە، ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە هێزە شیعەکان دەتوانن هەرشتێکیان بوێت تێیپەڕێنن، بریارەکانی دادگاش دەبێتە خاڵی یەکلاکەرەوە لە کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا.
بەهار مەحمود ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ ئێن ئاڕ تی پێیوایە، دەستنیشانکردنی ئەندامانی دادگای باڵای فیدراڵی گرفتی سیاسی دروستکردووە و دەڵێت، "بەشێک لە شیعەکان دادگای فیدراڵییان کردووە بە مەرج بۆدەنگدان لەسەر بودجە".
بەڕای ئەو پەرلەمانتارە دادگای باڵای فیدراڵی گرنگترین دەسەڵاتە لە عێراقدا و بەشێک لە شیعەکان نییەتێکی باشیان بەرامبەر کیانی هەرێمی کوردستان نییە.
بەستنەوەی پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بودجەی فیدراڵی ساڵی ٢٠٢١ـی عێراق، بە پەسەندکردنی پرۆژەیاسای دادگای فیدراڵی، مەرجی سەرەکی فراکسیۆنی سائیرونی سەر بە رەوتی سەدرە، بۆ ناچارکردنی لایەنە سیاسییەکان بەوەی پرۆژەیاسای دادگای فیدراڵی پەسەندبکەن و رێگە بۆ بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمانی عێراق لە ئەمساڵدا کراوە بێت.