دەستەی کەشناسی عێراق رایگەیاندووە، پێشبینی دەکەن ئەمڕۆ چوارشەممە، پلەکانی گەرما لە بەغدای پایتەخت و نۆ پارێزگای دیکەی عێراقدا بگاتە ٥٠ پلەی سیلیزی و لە دوو پارێزگاش پشوو راگەیاندرا.
کەشناسی عێراق ئاشکرایکردووە، لەماوەی دوو رۆژی داهاتوودا پلەکانی گەرما بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزدەبنەوە و لە بەغدا دەگاتە ٥٠ پلەی سیلیزی، نوسینگەی راگەیاندنی پارێزگاری دیالەش لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، بەھۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە بە بڕیاری موسەننا تەمیمی پارێزگاری دیالە، دەوامی فەرمی ئەمڕۆ چوارشەممە و سبەی پێنجەشەممە کراوەتە پشوو.
ھاوکات نوسینگەی راگەیاندنی پارێزگاری دیوانییە لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، بەھۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە بە بڕیاری زوھێر عەلی شەعلان پارێزگاری دیوانییە، دەوامی فەرمی بۆ هەموو رۆژانی پێنجەشممەیەک کراوەتە پشوو.
باس لەوەشکراوە، بڕیارەکە بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی پلەکانی گەرما لە پارێزگای دیوانییە روو لە دابەزین دەکەنەوە.
ئەوەش خراوەتەڕوو، بە بڕیاری پارێزگاری دیوانییە لە ھەفتەکانی داھاتوودا، بەھۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە، دەوامی فەرمی لە کاتژمێر ٨ی بەیانی تا کاتژمێر ١:٣٠ دوای نیوەڕۆ دەبێت.
پێشتریش پارێزگای نەجەف سبەی پێنجشەممەی بە پشوو راگەیاند، هەروەها پارێزگای بەسرەیش رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممەی داھاتووی کردە پشوو.
ماوەیەکە شەپۆلی گەرما رووی لە عێراق کردووە و لە هەندێک ناوچەدا پلەکانی گەرما دەگەنە سەرو ٥٠ پلەی سیلیزی، کەشناسیش هۆشداری دەدات لەوەی هاوڵاتیان لە کاتژمێر ١١ بۆ ٤ی پاشنیوەڕۆ نەچنە دەرەوە.
هـ.ئـ