سەردێڕ:

ئامانجی سەردانەکەی کازمی بۆ ئەمریکا ئاشکرا کرا

فۆتۆ: 
2021-06-30

2313 جار خوێندراوەتەوە

بڕیارە مستەفا کازمی سەردانی ئەمریکا بکات و لەسەردانەکەشیدا پەیامێکی لایەنە شیعییەکان دەگەیەنێت، کە داوا دەکەن ئەمریکا لە عێراق بکشێتەوە.


بەپێی راپۆرتێکى رۆژنامەی شەرقولئەوسەت مستەفا کازمى سەرۆکوەزیرانی عێراق دەیەوێت پرسى کشانەوەى هێزەکانى ئەمەریکا بەپێى دانوستانە ستراتیژییەکانى نێوان ئەمەریکا و عێراق کە لەسەردەمى ئیدارەکەى ترەمپدا بەڕێوەچوو تەواو بکات.

بەپێى راپۆرتەکە، "بایدنی سەرۆکی ئەمریکا تاڕادەیەک کۆکە لەگەڵ هەڵوێستى ناوخۆى ئەمەریکا لە نێوان دیموکرات و کۆمارییەکانى وڵاتەکەیدا لەسەر چۆنیەتى مامەڵەکردن لەزۆربوونى چالاکى گروپە چەکدارەکانى سەر بە ئێران لە عێراقدا، بەڵام هەڵوێستى کازمیش پێش لێدانى گورز لەو گروپانە لەلایەن ئەمەریکاوە کەمێک نەرم تربووە و ئێستا جیاوازترە."

بەوتەى چاوگێکی ئاگادار کە بە رۆژنامەکەى راگەیاندووە، لە کۆبوونەوەى سیاسیە شیعەکانیش کە لەگەڵ کازمى و عامریدا بەڕێوەچووە، پەیامێک دراوەتە کازمى کە تێدا گۆڕانکارى بەسەر داواکارى ئەو هێزانەدا هاتووە، لەسەرووى هەمووشیانەوە کشانەوەى دەستبەجێى هێزەکانى ئەمەریکا لەخۆدەگرێت.

بەپێی راپۆرتەکە، ئەو هەڵوێستە تاڕادەیەک بەلاى کازمییەوە نوێیە، چونکە پرسى گۆڕانکارى لە داواکارییە لە پێشینەکان بۆ دەرکردنى هێزەکانى ئەمەریکا کە لە کاردانەوەى هێرشەکانەوە هاتووە ئەنجامى مەترسیدارى بۆ سەر رەوتى دانوستانە ستراتیژییەکانى نێوان ئەمەریکا و عێراق دەبێت.

کازمی بەڵێنى بە هادى عامرى داوە ئەو پرسە لەگەڵ لایەنى ئەمریکیدا تاوتوێ بکات، بەڵام لەبەرامبەر ئەوەشدا قاسم ئەعرەجى راوێژکارى ئاسایشى نەتەوەیى عێراق رایگەیاندووە، بەمنزیکانە دەگەنە رێککەوتنێک بۆ کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا لە عێراق و ئەوان پێویستیان بەو هێزە بیانیانە نیە لەسەر خاکەکەیان و خۆیان بەشى ئەوە هێزیان هەیە

بەپێى دانوستانى ستراتیژى نێوان ئەمەریکا و عێراق کە لەمانگى نیسانى رابردوودا بەڕێوەچوو، خشتەیەکى تەواو بۆ کشانەوەى هێزەکانى ئەمەریکا لە عێراق تاوتوێ کراوە و لیژنەى سەربازى لەسەر ئاستى باڵا بۆ ئەو پرسە لەنێوان هەردوولادا پێکهێنراوە بە مەبەستى گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر ئەو خشتەیە

عـ.سـ

هـ.ئـ