دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق رایگەیاند، ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی بێگەرد لە عێراق بەرپرسیارییەتی سەر شانی هەموو دەسەڵاتە فیدڕاڵییەكانە و لەسەر هەمووان پێویستە چوارچێوەیەكی دەستوریی و یاسایی بۆ پرۆسەی هەڵبژاردنەكە دابینبكەن.
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوەکردووە، پێویستە لەسەر كۆمسیۆنی باڵا بە تەواوی سەربەخۆیی خۆی بپارێزێت و بە بێلایەنی بمێنێتەوە، هەماهەنگیش بێت لەگەڵ دەسەڵاتە فیدڕاڵییەكان و پەیوەست بێت بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا.
ئەمەش لەکاتێکدایە، بڕیاروایە ١٠ی مانگی ١٠ی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت و کۆمسیۆنیش رایگەیاندبوو، هەموو ئامادەکارییەکیان کردووە بۆ ئەوەی هەڵبژاردنەکان لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا بەبێ گرفت ئەنجام بدرێت.