سەردێڕ:

کاردانەوەکان لەسەر دەستلەکارکێشانەوەی وەزیری بەرگری ئەمریکا

جێمیس ماتیس وەزیری بەرگریی ئەمریکا(پنتاگۆن) و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا
فۆتۆ: سۆشیال میدیا
2018-12-21

17418 جار خوێندراوەتەوە

​بەرەبەیانی ئەمڕۆ جێمیس ماتیس وەزیری بەرگریی ئەمریکا(پنتاگۆن) نامەی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەشی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا کرد و ترەمپیش نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەی پەسەند کرد و ڕاگەیاند، ناوبراو هەتا مانگی شوباتی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت دواتر خانەنشین دەبێت.


بەرەبەیانی ئەمڕۆ جێمیس ماتیس وەزیری بەرگریی ئەمریکا(پنتاگۆن) نامەی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەشی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا کرد و ترەمپیش نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەی پەسەند کرد و ڕاگەیاند، ناوبراو هەتا مانگی شوباتی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت دواتر خانەنشین دەبێت.

دەستلەکارکێشانەوەی وەزیری بەرگری ئەمریکا هاوکاتە لەگەڵ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا هەر چەندە جێمیس ماتیس لە نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەیدا باسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکای نەکردووە لەسوریا بەڵام بەشێک لە چاودێران ئاماژە بەوە دەکەن، ناوبراو لە سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپ ناڕازیی بووە

جێمیس ماتیس چۆن نامەی دەست لەکارکێشانەوەی پێشکەشکرد

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی نوسیویەتی، جێمس ماتیس وەزیری بەرگری ئەمریکا دەستلەکاردەکێشێتەوە بەهۆی ئەو ناڕەزاییەی کە هەیەتی سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا.

 بە گوێرەی رۆژنامەکە، ماتیس لەگەڵ نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەیدا چووە بۆ کۆشکی سپی، و دوایین هەوڵی داوە ترەمپ لە بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە سوریا پاشگەزبێتەوە، بەڵام هەوڵەکەی شکستیهێناوە و دواتر گەڕاوەتەوە بۆ پێنتاگۆن و  ٥٠ کۆپی لە نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەی بە بەرپرسانی پێنتاگۆن بەخشیووە.

ماتیس لە نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەدا نوسیویەتی، پێی وایە دەبێت ڕێز لە هاوپەیمانەکانی ئەمریکا بگرن، هاوکات چاوکراوەشبن لە ئاست کردەی دوژمنکارانە و ڕکابەرە ستراتیجییەکان.

Image result for james mattis

نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەی جێمیس ماتیس وەزیری بەرگری ئەمریکا

جێمیس ماتیس وەزیری بەرگری ئەمریکا لە نامەکەیدا باس لەوە دەکات، پێویستە ئەمریکا هەڵوێستی ڕوونی هەبێت لەبەرامبەر ئەو وڵاتانەی دەیانەوێت هەژموونی خۆیان لە جیهاندا بسەپێنن و بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی ئەمریکا لە جیهان دەخەنە مەترسیەوە.

ئەوەش ڕاگەیاندووە، یەکێک لە بنەما سەرەکیـیەکانی ئەو بڕوای پـێی هەبووە، بەهێزی ئەمەریکا لە پەیوەندیـیە پـتەوەکانیدا لەگەڵ هاوپەیمانان و هاوبەشەکانی، بۆیە ناکرێت ئەمەریکا بەرژەوەندیـیەکانی بپارێزیت بەبێ بەردەوامبوون لە هاوپەیمانێتیەکانی و ڕێزگرتن لێـیان.

پاشان وەڵامی نووسینێکی ترەمپ دەداتەوە کە تیایدا وتبووی ناکرێت ئەمەریکا ببێتە پـۆلیسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ماتیس دەڵێت "منیش وەکو تۆ لە سەرەتاوە گوتومە هێزەکانی ئەمەریکا نابێت ببنە پـۆلیسی جیهان".

هەڵوێستی دۆناڵد ترەمپ لەبەرامبەر دەستلەکارکێشانەوەکەی وەزیری بەرگری وڵاتەکەی

لەبەرامبەردا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە تویتێکدا ڕایگەیاند، نامەی دەستلەکارکێشانەوەی جێمیس ماتیس وەزیری بەرگری وڵاتەکەی پشتڕاستکردووە ڕاگەیاند،  ماتیس هەتا شوباتی ساڵی داهاتوو لە پۆستەکەی بەردەوامدەبێت و دواتر خانەنشین دەبێت.

ئەوەشی ڕاگەیاند، هیچ گفتوگۆیەکی لەگەڵ ناوبراو سەبارەت بەدەستلەکارکێشانەوەکەی ئەنجام نەداوە، لە داهاتوویەکی نزیکدا کەسێکی تر لە پۆستی وەزیری بەرگری دەستبەکاردەبێت.

ترەمپ ئەوەشی نووسیووە، جێمیس ماتیس لەماوەی سەرۆکایەتیەکەیدا یارمەتیەکی زۆریداوە و ئەزموونی باڵای لێوەرگرتووە.

کاردانەوەکان لەسەر دەستلەکارکێشانەوەی وەزیری بەرگری ئەمریکا

لەدوای نامەی دەستلەکارکێشانەوەی جێمیس ماتیس ویلیام کۆهن وەزیری پێشووی بەرگری ئەمریکا لە لێدوانێکیدا بۆ بی بی سی، دەستلەکارکێشانەوەی ماتیسی بە زەرەرێکی گەورە لە ئەمریکا ناوبرد و هۆکارەکەشی گەڕاندوەتەوە بۆ سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپ. ئاماژەی بەوەش کرد، دەبێت هەتا کەی وەزیری بەرگریی باجی سیاسەتە چەوتەکان ترەمپ بدات.

وەزیری پێشووی ئەمریکا باسی لەوە کردووە، پێویست بوو ترەمپ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی لە دۆسیەی دەستیێوەردانی ڕووسیا لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٦ ئەمریکا بکات بگاتە ئەنجامی کۆتایی، کەچی ترەمپ هیچ هەڵوێستێکی ڕوونی نەبووە.

 ئەوەشی باسکردووە، وەزیری بەرگی ئەمریکا و بەرپرسانی سەربازی وڵاتەکەی دژی ئەوە بوون کە ترەمپ دیدار لەگەڵ کیم جونگ ئون سەرۆکی کۆریای باکوردا لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ ئەنجام بدات و هەتا ئەو کاتەی کۆریای باکور دەستبەرداری چەکی ئەتۆمی دەبێت  بەڵام سەرۆکی ئەمریکا داواکەیانی ڕەتکردووەتەوە .

ئەوەشی ڕوونکردووتەوە، لە دواین جاردا کاتێک ترەمپ بڕیار کشانەوەی دا لە سوریا، ماتیس پەتی ئارامی پچڕا و دەستیلەکارکێشاوەتەوە.

لای خۆشیەوە ماتیس مارکۆ رۆبیۆ سیناتۆری کۆمارییەکان دەست لەکارکێشانەوەی وەزیری بەرگری ئەمریکا بە زەنگێکی ترسناک لە سایەسەتەکانی ترەمپ ناوبرد و ڕایگەیاند، ماتیس لە نێوان سیاسەتە ناکۆکەکانی سەرۆکی ئەمریکادا وەکو دورگەیەکی جێگیر بووە و پێویستە ترەمپ گۆڕانکاریی له‌ هه‌ڵوێسته‌کانیدا بکات.

ئەوەشی دەڵێت، ترەمپ لە تویتەکەیدا باسی لەخانەنشینی دەکات لە کاتێکدا ڕوونە بۆچی وەزیری بەرگری دەستیلەکارکێشاوەتەوە و لە داهاتوودا کاردانەوەکان لەسەر کشانەوەی ترەمپ لە سوریا زیاتر ڕوون دەبێتەوە.

جەیمس نۆرمان ماتیس لە ساڵی ١٩٥٠ لەدایکبووە ٢٦هەمین وەزیری بەرگری ئەمریکا و پێشتر بەرپرسی گشتی هێزە دەریاییەکانی ئەمەریکا بووە

Image result for james mattis

ئایا ترەمپ سوپای ئەمریکا لە ئەفغانستان دەکێشێتەوە؟

لە دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا لە ئێستادا پرسی کشانەوەی سوپای ئەمریکا لە ئەفغانستان یەکێکی ترە لەو پرسانەی باسی لێوە دەکرێت.

میدیاکانی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکەن، بەرپرسانی کۆشکی سپی داوایان لە وەزیری بەرگری ئەمریکا کردووە نزیکەی نیوەی هێزەکانی وڵاتەکەیان لە ئەفغانستان بکێشێتەوە و وا بڕیارە لە ساڵی داهاتوودا ئەو بڕیارە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

هەفتەی ڕابردوو زڵمی خەلیلزادە نوێنەری ئەمریکا لە ئەفغانستان لەگەڵ نوێنەری چەکدارانی تاڵیبان سەبارەت بە کۆتایهانی کێشەکانی تاڵیبان و حکومەتی ئەفغانستان لە ئیمارات کۆبوویەوە دوای کۆبوونەوەکەش ڕایگەیاند، ئەنجامی کۆبوونەوەکە ئەرێنێ بووە لە ساڵی داهاتوودا ئەمریکا بەجدی تاوتوێی کشانەوەی هێزەکانی دەکات لە وڵاتەکە.

پێشتریش چەکدارەکانی تاڵیبان نامەیەکی کراوەیان بە پێنج زمان جیهانی ئاڕاستەی دۆناڵد تڕەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کردووە و داوای چونە دەرەوەی هێزەکانی ئەمریکایان لە ئەفغانستان کرد.

بەپێی ڕاپۆرتیکی وەزارەتی بەرگری ئەمریکاش نزیکەی ١٤ هەزار ئەندامی سەربازی ئەمەریکایی لە ئەفغانستانن، ئەرکی سەرەکی ئەمەریکا زیاتر تیشکخستنە سەر ڕێنمایی کردن و هاوکاری کردنی لەشکری ئەفغانییە لە شەڕی دژ بە تاڵیباندا کە لە ساڵی ٢٠٠١وە لەسەر دەسەڵات لادران".

زیاتر لە دوو هەزار و٤٠٠ سەربازی ئەمەریکا لە ماوەی ئەو شەڕی کە حەڤدە ساڵە لە ئەفغانستان بەردەوامە کوژراون

Image result for army american

هـــ.حــ