٥٦ ساڵ لەمەوبەر و لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆدا، گۆران کە بە شاعیری سروشت و جوانی ناسراوە لە تەمەنی ٥٨ ساڵیدا کۆچیدواییکرد.
٥٦ ساڵ لەمەوبەر و لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆدا، گۆران کە بە شاعیری سروشت و جوانی ناسراوە لە تەمەنی ٥٨ ساڵیدا کۆچیدواییکرد.
لەو چوارچێوەیەدا و بەبۆنەی ساڵیادی کۆچیدوایی ئەو شاعیرە ناودارەی کوردەوە، ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەر لەهەڵەبجە، دیدارێکی تایبەت بە گۆران سازدەکات و بۆ ماوەی دوورۆژ بەردەوام دەبێت.
گۆران شاعیرو روناکبیرێکی گەورەی کوردبووە، لەسەردەمی خۆیدا و بەشیعرەکانی شێوازێکی نوێ و تایبەتی هێنایە ناو ئەدەبیاتی کوردی. بە یەکەم شاعیری کورد دادەنرێت کە شێوازی عەرووزیی عەرەبی لە ھۆنراوەی کوردیدا لابردووە و بە شێوازی فولکلۆری کوردی ھۆنراوەی نووسیوە. شەش بەرهەمی ئەدەبی (شیعر و پەخشان) چاپکراوی هەیە.
عەبدوڵا بەگی سلێمان بەگی عەبدوڵا بەگ ناسراو بە گۆران، ساڵی ١٩٠٤ لە شاری هەڵەبجە لەدایكبووە. لە سەرەتادا لە حوجرە خوێندویەتیو بووە بەفەقێ. پاشان لە لە قوتابخانە خوێندوویەتی و بووەتە مامۆستا. لە ساڵانی گەنجێتیدا دەستی بەنوسینی شیعر کردووە و لەگەڵ شیعر پەخشانشی نوسیوە، ساڵی ١٩٥٠ یەکەم کۆمەڵە شیعری بەناوی (بەهەشت و یادگار) بەچاپگەیاندووە. لەساڵانی ١٩٥٢ تا ١٩٥٤ پاش کۆچیدوایی پیرەمێرد سەرنوسەری رۆژنامەی ژین بووە. لەساڵی ١٩٥٩ سەرپەرشتیاری گۆڤاری شەفەق بووە و ناوەكەی كردووە بە بەیان کە لەسلێمانی دەردەچوو. چەندین دەقی ئەدەبی لە زمانی ئینگلیزییەوە کردووە بەکوردی. جگە لە ئەدەب و رۆشنبیریی لەسەر هەڵویستە سیاسییەكانی چەند جارێك زیندانیكراوە و بەشێكی تەمەنی لە زینداندا بەسەر بردووە. رۆژی (١٨ی تشرتینی دووەمی ١٩٦٢) لەتەمەنی ٥٨ ساڵیدا كۆچیدواییكرد و لەگردی سەیوان لە سلێمانی بەخاكسپێردراوە.
نمونەیەک لە شیعری پایزی گۆران:
پایز! پایز
بووکی پرچ زەرد
من مات تۆ زیز
ھەردوو ھاودەرد
من فرمێسکم، تۆ بارانت
من ھەناسەم، تۆ بای ساردت
من خەم، تۆ ھەوری گریانت
دوایی نایە دادم دادت
پایز پایز
گەڵا رێزانت
ھەوری ماتی ئاسمانت
لەبر کزەی بای سەر تەزێن
لە گەڵ گەڵای درەختا ئەژین
بەڵام قورسە زۆر بە جۆشە
دۆزەخێکم کوا لە جۆشە
پایز! پایز!
شان و مل رووت
من مات، تۆ زیز
ھەردووکمان جووت
ھەرچەند گوڵ سیس ئەبێ بگرین
ئاڵتوونی دار ئەڕژێ بگرین
ڤپۆلی باڵدار ئەفرێ بگرین
بگرین… بگرین… چاومان نەسڕین
ھەرگیز، ھەرگیز
ش.ق