فۆتۆ:
2021-07-01
630 جار خوێندراوەتەوە
نوێنەری حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاند، لیژنەی دەرەوەی پەرلەمانی بەلجیکا پرسی بەجینۆساید ناساندنی کارەساتی کوردانی ئێزدیی پەسەند کرد. دەشڵێت، پرۆسەکە بە پشتیوانی حکومەتی ھەرێم بەڕێوە چووە.
دلاوەر ئاژگەیی نوێنەری حکومەتی ھەرێم لە یەکێتی ئەوروپا بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی راگەیاند، ئەمڕۆ لیژنەی دەرەوەی پەیوەندییەکانی پەرلەمانی فیدڕاڵیی بەلجیکا بەتێکڕای دەنگ پرسی جینۆسایدی ھاوڵاتییانی کوردی ئێزدی بەفەرمی ناساند.
لە رۆژی سێی ئابی ٢٠١٤دا، چەکدارانی داعش ھێرشیان کردە سەر قەزای شنگال و بەو هۆیەشەوە زیاتر لە ٣٦٠ ھەزار ئێزدی ئاوارەبوون، ٦٧ مەزاری ئێزدیان تەقێندرانەوە، زیاتر لە ١٠٠ ھەزار ئێزدی ئاوارە بوون، تا ئێستا توانراوە نزیکەی دوو ھەزار و ٢٢٥ ژن و کچ، ھەزار و ٢٨٤ پیاو رزگار بکرێن و نزیکەی ھەزار و ٣٢٣ ژن و ھەزار و ٦٨٦ پیاویش چارەنووسیان نادیارە.
رۆژی ١٠ی حوزەیرانی ٢٠١٤ و لە سەردەمی نوری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی ئەکاتی عێراق، چەکدارانی داعش لە خاکی سووریاوە دزەیان کردە ناو خاکی عێراق و شکستیان بە سوپا و ھێزە ئەمنییەکانی عێراق لە پارێزگای نەینەوا ھێنا و شاری موسڵ و زۆربەی ناوچەکانی ئەو پارێزگایەیان داگیر کرد.
گرووپی داعش چەکداری دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش)، لەساڵی ٢٠١٣دا سەریهەڵدا و لەحوزەیرانی ٢٠١٤دا پارێزگای موسڵ و بەشێکی زۆر لە ناوچە سوننەنشینییەکانی عێراق و بەشێکی زۆری خاکی سوریاشی کۆنتڕۆڵکرد، دواتر و لەساڵی ٢٠١٧دا لەلایەن هێزە سەربازییەکانی عێراق و پێشمەرگەوە بەهاوکاری هێزی هاوپەیمانان سەرکەوتنی یەکجارییان بەسەر ئەو گروپە چەکدارییەدا راگەیاند.
نـ، غـ
کـ ، ئـ