توێژینەوەیەکی نوێ لە گۆڤاری لانسێت بۆ نەخۆشییە گوازراوەکاندا بڵاوکراوەتەوە و ئاشكرایکردووە، دوای پێدانی ھەردوو ژەمە ڤاکسینی کۆرۆناڤاک کە لەلایەن کۆمپانیای دەرمانی چینی سینۆڤاکەوە بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا بەرھەمھێنراوە، لە منداڵان و مێردمنداڵانی تەمەن ٣-١٧ ساڵدا بەرگرییەکی بەھێز دژی ڤایرۆسەکە دروست دەکات.
لە توێژینەوەکەدا، ئەنجامەکانی تاقیکردنەوەی تاقیگەیی ڤاکسینی کۆرۆناڤاک لە شارۆچکەی زانھوانگ سەربە پارێزگای ھوبی لە چین، کە دۆزی یەکەم و دووەمی لە منداڵان و مێردمنداڵانی نێوان ٣-١٧ ساڵان دراوە، بڵاوکراوەتەوە.
لە قۆناغی یەکەمی توێژینەوەکەدا لە نێوان ٣١ی تشرینی یەکەمی و کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠دا ئەنجامدراوە، ٧٢ کەس و لە قۆناغی دووەمیدا کە لە نێوان ١٢-٣٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠دا ئەنجامدراوە، ٤٨٠ کەس بەشدارییان کردووە، کە تیایدا بەشداربووان لە ماوەی ٢٨ رۆژدا ١،٥-٣ مایکرۆگرام ڤاکسینیان لێدراوە و گروپێکیش لە بەشداربووان وەک گرووپی سەربەخۆ، دەستنیشانکراون.
لەدوای کوتانەکەش کاریگەریی لاوەکی زۆرینە لاواز و مامناوەند و ئازار لە شوێنی کوتانەکە (بەرێژەی لەسەدا ١٣) لای بەشداربووان ھەبووە، بەوشێوەیەش دەرکەوتووە کە ھەردوو دۆزی کۆرۆناڤاک لە منداڵان و مێردمنداڵانی ٣-١٧ ساڵاندا، کاریگەر و متمانەپێکراوە.
دواتر و لە کۆتایی توێژینەوەکەدا دەرکەوتووە کە زیاتر لە سەدا ٩٦ی ئەو منداڵان و مێردمنداڵانەی کە دوو ژەمە ڤاکسینییان وەرگرتووە، بەرگرییان پەیدا کردووە.