لە راپۆرتێکی رۆژنامەی مەدای عێراقدا لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق رایگەیاندووە، بە زیادکردنی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی، ٢٢ ترلیۆن دینار بۆ بودجە زیادیکردووە و کورتهێنانی موچەش پڕبووەتەوە.
رۆژنامەی مەدای عێراقی لە راپۆرتێکدا رایگەیاندووە، جەمال کۆچەر ئەندامى لیژنەى دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاندووە، ئەوەی هەندێک لە پەرلەمانتاران لێدوان دەدەن لەبارەی داڕوخانی ئابوری وڵات بەهۆی بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار ورد نییە، چونکە عێراق دەوڵەمەندە و کاتێک نرخى نەوت گەیشتە ٢٠ دۆلاریش دانەڕوخا.
جەمال کۆچەر باسی لەوەشکردووە، لە ئێستادا عێراق بوژانەوەى بەخۆیەوە بینیوە و یەدەگى دراوى بیانى و ئاستى هەناردەى نەوت زیادیانکردووە و هەوڵیش بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەدرێت.
وەک ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی دەڵێت، بەهۆی بەرزکردنەوەی نرخی دۆلارەوە، حکومەت ٢٢ ترلیۆن دیناری دەستکەوتووە، بەوەش توانیویەتی کورتهێنانی موچە چارەسەربکات و بەسێکیشی لە بەرژەوەندی هاوڵاتیان خەرجبکات.
جەمال کۆچەر پێی وایە، کە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار کاریگەری لەسەر هاوڵاتیان هەبووە و بووەتە هۆی ئەوەی خەرجییەکانیان کەمبکەنەوە و کەمتر پێداویستی بکڕن، هەروەها نرخی کەل و پەل زیادیکردووە و ناجێگیری لە بازاڕدا هەیە.
لە ١٩٦ مانگی کانونی یەکەمی ساڵی رابردوودا، بانکی ناوەندی عێراق رایگەیاند، نرخی ١٠٠ دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی بەرزکراوەتەوە و بەجۆرێک دایانناوە کە، کڕینی لە وەزارەتی دارایی بە ١٤٥ هەزار دینار و بۆ بانکەکان بە ١٤٦ هەزار دینار و بۆ هاوڵاتیانیش بە ١٤٧ هەزار دینار دانراوە.
لە ٣١ی ئازاری ئەمساڵیشدا، پەرلەمانی عێراق لە پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بودجەی ئەمساڵدا، نرخی دۆلاری بەو جۆرەی بانکی ناوەندی داناوە جێگیرکرد.
هـ.ئـ