بەپێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی لە کۆتا کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا عەلی عەلاویی وەزیری دارایی عێراق ناڕازی بووە لەسەر کاتی ناردنی ٢٠٠ ملیارەکە بۆ هەرێمی کوردستان، بەهۆی ئەوەی هەرێم هیچ بەرامبەرێک نادات بۆ ئەو پارەیە.
ئومێد محەمەدی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە بەغدا دەڵێت، هەر لە سەرەتاوە وەزیری دارایی رازی نەبووە بە ناردنی ئەو بڕەپارەیە وەکو پیشینە بۆ هەرێم، تەنانەت سێ کۆبوونەوە بەر لە ئێستا هەر وەزیری دارایی لە دژی بووە.
دەشڵێت، وەزیری دارایی بە پاڵپشتی بەسێکی حزبە شیعییەکان دژی ناردنی ئەو پارەیەن و واژۆ لەسەر بڕیارەکە ناکات.
عەلی عەلاوی وەزیری دارایی عێراق باسی لەوەکردووە، هەرکەسێک بیەوێت پارە بنێرێت بۆ هەرێم دەبێت خۆی بچێتە ژێر ئەو بارودۆخەوە و دەبێت ناردنی پارە بەپێی رێککەوتن بێت.
رۆژی ١٥ی ئەم مانگە وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، مانگانە ٢٠٠ ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان وەک پشینە دەنێرێت کە ئەوە تەنها پێشینەیە و لە بەرامبەردا هەرێم هیچ داهاتێک نادات.
پێشتر، بەشیر حەداد جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراقیش ڕایگەیاندبوو، پێش کۆتایی ئەم مانگە بڕی ٢٠٠ ملیارەکە دەگاتە هەرێم، بەڵام لە ئێستادا وەزیری دارایی واژۆی ئەو بڕیارە ناکات.
هـ.ئـ