سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا داوای لە دەسەڵاتدارانی تورکیا کرد، بەپێی مافەکانی مرۆڤ مامەڵە لەگەڵ ئەو کوردانەدا بکەن، کە بەهۆى گۆشەگیری سەر ئۆجەلان مانیانگرتووە.
سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا داوای لە دەسەڵاتدارانی تورکیا کرد، بەپێی مافەکانی مرۆڤ مامەڵە لەگەڵ ئەو کوردانەدا بکەن، کە بەهۆى گۆشەگیری سەر ئۆجەلان مانیانگرتووە.
لە دانیشتنی پەرلەمانی بەریتانیادا لیز سڤڵ ڕۆبەرتس، ئەندامی پەرلەمانی بەریتانیا داوای لە تێرێزا مەی کردووە، حکومەتی وڵاتەکەیان فشار بخاتە سەر دەسەڵاتدارانی تورکیا تاوەکو ڕێز لە مافەکانی کورد بگرن و کۆتایی بە تراژیدیای مانگرتنی خواردن بهێنرێت.
ئەو پەرلەمانتارە لەگەڵ ٤٨ پەرلەمانتاری دیکەى وڵاتەکەى نامەیەکیان ئاڕاستەى وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەیان کردووە، کە هەڵوێستیان هەبێت لەسەر پرسى مانگرتووە کوردەکانى تورکیا.
تێرێزا مەی لە وەڵامى پەرلەمانتارەکاندا ڕایگەیاندووە، چاوەڕوانن تورکیا ڕێز لە سەروەری یاسا بگرێت و مامەڵەى یاسایی لەگەڵ زیندانیاندا بکات و خزمەتگوزاری تەندروستییان بۆ دابینبکات.
سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ڕاشیگەیاندووە، باڵیۆزی وڵاتەکەى لە ئەنقەرە لە بارەی مانگرتووانەوە وتووێژی لەگەڵ کردوون و لەندەنیش لە هەوڵەکانی بۆ پشتیوانیکردن لە مافی مانگرتووەکان بەردەوام دەبێت.
بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر ئەو گۆشەگیریەی کە ماوەی هەشت ساڵە خراوەتە سەر ئۆجەلان، لە ئێستادا نزیکەی سێ هەزار کەس مانیان لە خواردن گرتووە و تا ئێستاش هەشت لە مانگرتووەکان لە زینداندا گیانیان لەدەستداوە.
هـ.ع