ئەم بابەتە توێژینەوە و بیروڕا وەرگرتنی ئەو شارەزایانەیە کە سەرقاڵی تۆێژینەوەن لە ئاسایش و سیاسەتی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا
ئەم بابەتە توێژینەوە و بیروڕا وەرگرتنی ئەو شارەزایانەیە کە سەرقاڵی تۆێژینەوەن لە ئاسایش و سیاسەتی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا.
ئیلیۆت ئەبرامس | توێژەری باڵا لە ئەنجوومەنی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بۆ پەیوەندییە دەرەکییەکان، یاریدەدەری پێشووی جێگری سەرۆکی ئەمەریکا و جێگری پێشووی ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا
توانای ئێران بۆ مانەوە لەسەر سنووری جۆلان [سنووری نێوان ئیسرائیل و سووریە] پەیوەندیی بە ڕووسیاوە ھەیە، کە بەرگری و بەربەستی ئاسمانی لە بەرامبەر ئیسرائیل بۆ دابین دەکات. ئەگەر، وەک حاڵی حازر کە ھەیە، ڕووسییەکان نەیانەوێت ئێران لە سنووری جۆلانەوە ھەڕەشە لە ئیسرائیل بکات، ئەوا ئێران زۆر بۆی زەحمەت دەبێت تا بتوانێت لەوێ بمێنێتەوە.
دوو شت ڕوونن. یەکەم، ئیسرائیل توند و سوورە لەسەر ئەوەی ڕێگریی لە ئێران بکات تا نەھێڵێت وەک چۆن لە باشووری لوبنان حیزبوڵای دروست کرد، لە باشووری سووریەش شتێکی ھاوشێوە دروست بکات. دووەم، ڕووسیا ھیچ ئارەزوویەکی لەوە نییە کە ئێران ھەڕەشە بێت بۆسەر ئیسرائیل یان کۆنترۆڵی تەواوی سووریە بکات. ڕووسیا بنکەی سەربازیی زۆری ھەیە لە سووریە و ئەسەدێکی لاواز لە دیمەشق کەوتووەتە سەر خواستی ڕووسیا، نەک ئێران. ڕووسیا لە درێژمەودادا - پێچەوانەی ئێران – تەنانەت دەتوانێت دانوستان و گوتوبێژ لەسەر دانانی ڕژێمێکی نوێ لە دیمەشق بکات، تا ئەو کاتەی بەرژەوەندییەکانی خۆی پارێزراو بێت. جا "لەوانەیە" ئێران ڕازی نەبێت بەوەی لە سنووری جۆلان دوور بخرێتەوە، بەڵام باڵانسی ھێزی سیاسی و سەربازی وا دەخوازن کە پێویستە ئێران دوور بخرێتەوە.
کامیلیا ئینتیخابیفەرد | نووسەر، گۆشەنووس، شیکەرەوە و ڕەخنەگری سیاسی
لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی ناوخۆی ئێران – ئەگەر لەلایەن ئەو کەسانەوە ساز کرابێ کە باسی خراپیی دۆخی ئابووری و گوزەران دەکەن یان باسی دابەشبوونی شاری کازروون [سەر بە پارێزگای فارس]، یانیش ئەو خەڵکە ئایینییەی داوای مافی زیارەتکردنی ئیمام و پیاوچاکان دەکەن - ھاوار و ھوتافەکان ھەمان شت بوون: ''دەست لە سووریە ھەڵگرن! بیر لە ئێمە بکەنەوە!'' ئاماژەکە ئەوەیە کە ڕژێمی ئێرانی پاڵپشتی لە ڕژێمی بەشار ئەسەد دەکات. دابینکردنی پاڵپشتییە داراییەکانیش لە گیرفانی ئێرانییەکانەوە دێتە دەر.
بەم دواییانە، ئیسرائیل بنکە سەربازییەکانی ئێرانی لە سووریە مووشەکباران کرد و ڕایگەیاند کە تاران دەیەوێت بە ئامادەبوونی لە سووریە، ئیسرائیل بکاتە ئامانج و لێی بدات. بینیامین نەتانیاھو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، داوا دەکات کە سوپای پاسدارانی ئێران لە سووریە بچێتە دەر، ئەگەر نا ئەوا ڕەنگە ڕژێمی ئەسەد بکەوێت. بۆ پاراستنی ئەسەد، بۆ ھێورکردنەوەی تووڕەیی ئەو ئێرانییانەی کە بێزار و دڵتەنگن بە کشانەوەی ئەمەریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، بۆ کەمکردنەوەی خەرجیی ئامادەیی ئێرانییەکان لە سووریە و کەمکردنەوەی گرژییە ھەرێمییەکان، سوپای پاسداران ئامادەیە لە سنووری جۆلان بکێشێتەوە. بە لای تارانەوە، پێشینەی کار مامەڵەکردنە لەگەڵ خۆپیشاندەران و ناڕەزاکانی وڵاتەکەی کە لە گۆڕینی ڕژێم کەمتریان ناوێت.
بۆ ھێورکردنەوەی گرژییە ناوخۆییەکانی وڵات و کەمکردنەوەی جێپێی ئێران لە سنووری جۆلان، عەلی شەمخانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، ڕۆژی ٢ی حوزەیران لە ڕۆژنامەی 'شەرق'ی ئێرانی وتی: ''ھیچ ھێزێکی ئێرانی -تەنانەت لە ئاستی ڕاوێژکاریشدا- لە باشووری سووریە بوونی نییە.''
عەلی ھاشم | ڕۆژنامەنووسی 'بی بی سی' تایبەت بە پەیوەندییە دەرەکییەکانی ئێران
یەکێک لە ئامانجەکانی ئێران لە سووریە، جیا لە پارێزگاریکردن لە پێگەی بەشار ئەسەد، دانانی خاڵێکی دابڕی پێشکەوتوو بووە لە بەرانبەر ئیسرائیل. لەناویشیدا دامەزراندنی بنکەی سەربازی و بڵاوبوونەوەی ھێزی سەربازیی ھاوپەیمانەکانی لە نزیک بەرزاییەکانی جۆلان. دەستھەڵگرتن لەمە دەبێتە نسکۆیەکی گەورە بۆ ئێران. ھەر چۆنێک بێت، تاران بەوە ناسراوە کاتێک مەسەلە دێتە سەر مامەڵەکردن لەگەڵ ھەڕەشەکانی سەری، ئەوکات بەپێی ئەرزی واقیع و پراگماتیکی مامەڵە دەکات، بەتایبەت ئەگەر بێتو دەرئەنجامەکان ببنە ھۆی زیانگەیاندن بە کاریگەرییەکانی لە سووریە.
سەرەنجام، ئەگەر ڕێککەوتنی ھەنووکەیی نێوان ڕووسیا-ئیسرائیل بۆ دوورخستنەوەی ئێران و ھاوپەیمانەکانی لە جۆلان جێبەجێ ببێت و ڕێگە بە سوپای سووریە بدرێ بەشێوەیەکی بەرفراوان دەست بەسەر جۆلاندا بگرن، ئەوا ڕێی تێدەچێت کە تاران و ھاوپەیمانەکانی ھەمان شەڕی ساڵی ٢٠٠٦ی لوبنان لە سووریە بەرپا بکەن. ئەگەرچی ئەمە دژوار دەبێ لە سووریە، جێیەک کە ئیسرائیل و ئەمەریکا و تەنانەت ڕووسیاش بەھیچ جۆرێک چاوپۆشی لە وەھا ھەوڵێک ناکەن.
سەنەم وەکیل | مامۆستا لە زانکۆی بۆڵۆنیا بۆ توێژینەوە لەسەر ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و سیاسەتی نێودەوڵەتی، توێژەر لە پەیمانگای ڕۆیاڵ بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا
حاڵی حازر ئێران ھیچ بژاردەیەکی نییە ئەوە نەبێت کە ڕازی بێت بە ڕێککەوتنی نێوان ئیسرائیل-ڕووسیا بۆ دوورخستنەوەی خۆی و ھاوپەیمانەکانی لە نزیک سنووری جۆلان. لەبەر ڕۆشنایی کشانەوەی ئەمەریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران و ئەو سزایانەی ئەمەریکا لە داھاتوودا بەسەریدا دەسەپێنێت، تاران لەژێر فشارێکی سیاسیی گەورەدایە تاکوو تەوژمە نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەت وڵاتانی ئەورووپا، بھێنێتە بەرەی خۆی. ھەر پەرەسەندنێکی جووڵەی سەربازیی لە ناوچەکەدا ڕێژەی ھەڵکشانی ناڕەزایەتییەکان لە دژی ئێران زیاتر دەکات، لە کاتێکدا ئێران پێویستی بە ڕزگاری و ھاوکاریی ئابووری و سیاسییە.
بەھەرحاڵ، ئەمە کۆنترۆڵی درێژمەودای تاران سەبارەت بە بەھای سەرمایەگوزارییەکانی لە سووریەدا ناگۆڕێت. تاران بەئاگایە لەوەی کە بەرژەوەندیی ڕووسییەکان و ئیسرائیلییەکان و ئەمەریکییەکان و تەنانەت سوورییەکانیش لە دژی ئەو دەجووڵێنەوە. ئەگەرچی لە کورتخایەندا تاران ڕێز لە یاسا و ڕێسا تازەکانی ڕێککەوتن دەگرێت، تاران بەردەوام دەبێت لەسەر گەمە درێژخایەنەکە و بنکەداکوتانی خۆی لەناو سووریەیەکی پەرتپەرتبوو و لاوازیشدا.
سەنتەری کارنیگی بۆ توێژینەوە لەسەر ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست
و: ھەژار عوسمان