سەردێڕ:

ئێران.. هێڵی ئینتەرنێت لە بەشێک لە شارەکاندا ڕاگیرا

فۆتۆ: 
2019-12-25

5409 جار خوێندراوەتەوە

بەهۆی مەترسی شەپۆلێکی نوێی خۆپیشاندانەکان، ئینتەرنێتی بەشێک لە ناوچە و شارەکانی ئێران راگیران.


بەهۆی مەترسی شەپۆلێکی نوێی خۆپیشاندانەکان، ئینتەرنێتی بەشێک لە ناوچە و شارەکانی ئێران راگیران.

ماڵپەڕی عەرەبییە بڵاویکردووەتەوە، بەهۆی مەترسی شەپۆلێکی نوێی خۆپیشاندانەکانەوە، هێلەکانی ئینتەرنێت لە بەشێک لە شارەکانی ئێران راگیراون و کۆمپانیای نێتبلۆکسی تایبەت بە ئینتەرنێت لە ئێران، ڕایگەیاندووە، "بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، گرفت لە تۆڕى ئینتەرنێتدا ڕوویداوە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "پچڕانی ئەو هێڵانە پەیوەندی بە هیچ کێشەیەکی نێودەوڵەتییەوە نییە"، لە هەمانکاتیشدا بەکارهێنەران پچڕانی هێڵەکان دەگێڕنەوە بۆ ئەو پلانەی بۆ دەستپێکردنی شەپۆلێکی نوێی خۆپیشاندانەکان دانراوە، کە بەگوێرەى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وا بڕیارە سبەی پێنجشەممە بەڕێوەبچێت".

لەو بارەیەشەوە سەرچاوەیەک لە وەزارەتی پەیوەندییەکانی ئێران ڕایگەیاندووە، "بە فەرمانی هەندێک لە بەرپرسانی ئەمنی ئێران، هێڵی ئینتەرنێتی سەر مۆبایلیان لە بەشێک لە شارەکاندا بڕیوە".

ئەمەش لەکاتێکدایە، بەھۆی گرانبوونی نرخی بەنزینەوە، لە ١٥ی مانگی ڕابردوودا خۆپیشاندان و ناڕەزایی بەرفراوان ئەو وڵاتەی گرتەوە و بەپێی نوێترین ئاماریش کە دوێنێ سێشەممە، ئاژانسی هەواڵیی ڕۆیتەرز لە زارى سێ بەرپرسی باڵای وەزارەتی ناوخۆی ئێران بڵاویکردەوە، کەمتر لە دوو هەفتەی سەرەتای خۆپیشاندانەکاندا، نزیکەی ١٥٠٠ کەس کوژراون کە نزیکەی ٤٠٠یان ژن بوون و بەلایەنی کەمیشەوە ١٧یان مێردمنداڵ و ژمارەیەکیشیان لە هێزە ئەمنییەکان بوون.

هـ.ئـ