سەردێڕ:

ئێران باڵیۆزی بەریتانیای بانگهێشتکرد

فۆتۆ: 
2020-01-12

4083 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەربارەی بەشداریکردنی لە خۆپیشاندانەکانی دوێنێی ئێراندا بانگهێشتی باڵیۆزی بەریتانیا لە وڵاتەکەی کرد.


وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەربارەی بەشداریکردنی لە خۆپیشاندانەکانی دوێنێی ئێراندا بانگهێشتی باڵیۆزی بەریتانیا لە وڵاتەکەی کرد.

ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران بانگهێشتی ڕۆبێرت ماکیری باڵیۆزی دەرەوەی بەریتانیای لە وڵاتەکەی کرد، لەو بارەیەوە وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندووە، "بانگهێشتکردنی باڵیۆزی بەریتانیا لە ئێران بەهۆی بەشداریکردنیەتی لە خۆپیشاندانەکانی دوێنێی تاران کە لە دژی حکومەت بەرێوەچوو".

هاوکات عەباس عەراقچی هاوکاری یەکەمی وەزیری دەرەوەی ئێران بە مارکێرتی ڕاگەیاندووە، "بەشداریکردنی باڵیۆزە بیانییەکان لە گردبوونەوە نا یاساییەکاندا لەگەڵ ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانی وەک نوێنەرێکی سیاسی وڵاتەکەیدا یەکناگرێتەوە، ئەوەش پێچەوانەی رێککەوتنی ڤییەنایە بۆ پەیوەندییە دیبلۆماسییەکان و پێویستە حکومەتی بەریتانیا ڕوونکردنەوە لەسەر ئەم هەڵسوکەوتە بدات".

ئەوەش لەکاتێکدایە، ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێران، دوێنێ شەممە بڵاویکردەوە، باڵیۆزی بەریتانیا لە ئێران دوای بەشداریکردن لە گردبوونەوەیەک بۆ یادی قوربانیانی فڕۆکە ئۆکرانییەکە دەستگیرکراوە و پاش ماوەیەک ئازادکراوە.

لەگەڵ ئەوەشدا ئێوارەی دوێنێ شەممە، پاش ئەوەی سوپای پاسدارانی ئێران بە فەرمی دانی بە خستنەخوارەوەی فڕۆکە ئۆکرانییەکدا نا و ڕایگەیاند بە موشەکی هەڵەی سوپای پاسداران خراوەتە خوارەوە، بەشێکی خوێندکاران هاتنە سەر شەقامەکان و چەند درووشمێکیان لە دژی حکومەت دەوتەوە و دەیانوت، "مردن بۆ درۆزنانی حوکمڕان".

رۆژی ٨ی ئەم مانگە فڕۆكه‌یه‌كی سه‌ر به ‌هێڵی ئاسمانی ئۆكرانیا، ‌دوای فڕینی له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ئیمام خومه‌ینی لە تاران، به‌ ١٧٦ سه‌رنشینه‌وه‌ خرایەخوارەوە و سەرجەم سەرنشینەکانی گیانیانلەدەستدا، کە ٥٧ لە سەرنشینەکانی هاوڵاتى کەنەدى بوون و ١١ کەسیشیان هاوڵاتى ئۆکرانی بوون.

هـ.ئـ