سەردێڕ:

هەنگاو: لە ماوەی یەک ساڵدا چوار ژنی کورد لە ئێران لە سێدارەدراون

فۆتۆ: 
2020-03-09

3847 جار خوێندراوەتەوە

ڕێکخراوى هەنگاو بڵاویکردەوە، لە نێوان هەشتى ئازارى ساڵى ڕابردوو بۆ هەشتى ئازارى ئەمساڵ لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان، ٤ ژن لە سێدارە دراون و ٣٨ دیکەش دەسبەسەرکراون و ٧ چالاکى دیکەش زیندانیکراون.


ڕێکخراوى هەنگاو بڵاویکردەوە، لە نێوان ٨ى ئازارى ساڵى ڕابردوو بۆ ٨ى ئازارى ئەمساڵ لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان، ٤ ژن لە سێدارەدراون و ٣٨ دیکەش دەسبەسەرکراون و  ٧ چالاکى دیکەش زیندانیکراون.

ڕێکخراوى هەنگاو بۆ مافەکانى مرۆڤ لە ڕاپۆرتێکیدا بڵاویکردووەتەوە، "لە ئازارى ٢٠١٩ هەتا ئازارى ٢٠٢٠، ئەو ژنانە بە هۆکارى جیاواز دەسبەسەرکراون، کە ٢٥ چالاکى سیاسین و ١١ حاڵەت چالاکى مەدەنى، بەهۆى چالاکى ئەندامانى دیکەى بنەماڵەکەیان ٢ حاڵەت، لە سەرئاستى پارێزگاکانیش بەم شێوەیەیە سنە ١٨ حاڵەت و ئورمیە ١٣ حاڵەت و کرماشان ٥ حاڵەت هەریەکە لە ئیلام و لوڕستان و مازەندەران یەک حاڵەت".

ئاماژە بەوەشکراوە، "لە ئازارى ٢٠١٩ هەتا ئازارى ٢٠٢٠،  حەوت چالاکی ژنی کورد لەلایەن دەزگای دادوەریی حکومەتی ئێرانەوە حوکمی ٢٠ ساڵ و ٩ مانگ بەندکرانیان بە سەردا سەپێنراوە، بە تۆمەتى چالاکی سیاسی و هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران".

ئەوەش خراوەتەڕوو، "لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا، بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست سزاى سێدارەدان بۆ چوار ژنی کورد لە زیندانەکانى سنە، مەهاباد و ئورمیە جێبەجێکراوە، بڕیارى لە سێدارەدانەکەش لە لایەن دەزگای دادوەریی  ئێرانەوە دەرچووە".

ئەوەش لەکاتێکدایە، ڕێکخراوى هەنگاو لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا ڕایگەیاند، "لە ماوەى یەک ساڵدا لانیکەم ٣٤ ژن لە شارە جیاجیاکانی ڕۆژهەڵاتى کوردستان کوژراون".