سەردێڕ:

چارەنوسی یەک ملیار دۆلاری حکومەتی هەرێم لە بانکەکانی لوبناندا نادیارە

فۆتۆ: 
2020-03-25

19345 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپەڕی ئێس پی گڵۆباڵ بڵاویکردەوە، بەهۆی قەیرانی چەند مانگەی لوبنانەوە، بڕی یەک ملیار دۆلاری حکومەتی هەرێم لە بانکەکانی ئەو وڵاتەدا گیریخواردووە و ناتوانێت سودی لێ ببینرێت.


ماڵپەڕی ئێس پی گڵۆباڵ بڵاویکردەوە، بەهۆی قەیرانی چەند مانگەی لوبنانەوە، بڕی یەک ملیار دۆلاری حکومەتی هەرێم لە بانکەکانی ئەو وڵاتەدا گیریخواردووە و ناتوانێت سودی لێ ببینرێت.

ماڵپەڕی ئێس پی گڵۆباڵ بڵاویکردەوە، بەهۆی ئەوەی حکومەتی هەرێم ناتوانێت ئەو یەک ملیار دۆلارە لە بانکەکانی لوبناندا دەربهێنێت، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان نەیتوانیوە شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکانی بواری نەوت بدات.

ئاماژەی بەوەشداوە، دابەزینی نرخی نەوت دۆخەکەی بۆ حکومەتی هەرێم خراپتر کردووە.

باس لەوەشکراوە، هەردوو کۆمپانیای دی ئێن ئۆی نەرویجی و جێنڵ ئینێرجی بەریتانی کە لە هەرێمدا کاردەکەن، رایانگەیاندووە، دواخستنی پێدانی شایستە داراییەکان بە کۆمپانیا نەوتییەکان کاریگەری لەسەر بواری بەرهەمهێنانی نەوت کردووە.

ئەوەش هاتووە، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان شایستە داراییەکانی مانگەکانی ١٠و ١١ی ساڵی رابردووی بەرهەمهێنانی نەوت، کە دەبوو لە مانگەکانی یەک و دووی ئەمساڵدا بدات بە کۆمپانیاکان، هێشتا نەداوە.

لەوبارەیەوە، کۆمپانیای جێنڵ ئینێرجی رایگەیاندووە، پرۆسەی هەڵکەندن لە کێڵگەی تاوکێ سست و کەمبووەتەوە و هاوکات، رەنگە جێگیرکردنی کێڵگەی قەرەداغ٢ دوابخرێت.

کۆمپانیای دی ئێن ئۆش رایگەیاندووە، دواین جار کە شایستە داراییەکانی پێدراوە مانگی یەکی ئەمساڵ بووە کە حەقی ئیشەکانی مانگی ٩ی ساڵی رابردوو بووە.

کۆمپانیا نەورویجییەکە دەشڵێت، دواخستنی شایستە داراییەکانیان و هاوکات بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناش کاریگەری لەسەر ئاستی بەرهەمهێنانیان کردووە و رەنگە لە چەند کێڵگەیەکدا توشی گیروگرفتی زیاتر ببنەوە.

ماڵپەڕەکە داوای لێدوانیان لە بەرپرسانی حکومەتی هەرێم و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کردووە، بەڵام رەتیانکردووەتەوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە چەند رۆژی رابردوودا، ئێن ئاڕ تی نوسراوێکی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی بڵاوکردەوە کە تێیدا، بۆ روبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، داوای لە کۆمپانیاکانی بواری نەوت کردبوو هاوکاریی ماددیان پێببەخشن.