سەردێڕ:

شەقبوونى زەوى بەهۆى بومەلەرزەوە لە ئەمریکا

بومەلەرزەیەکى بەهێز بە گوڕى حەوت پلەى رێختەر باشورى ویلایەتى ئالاسکاى ئەمریکاى گرتەوە و بەهۆیەوە زیانێکى گەورە بە ڕێگاو بانەکان گەیشت و ئاوى خواردنەوەى پیس کرد و دەوامى خوێندنگاکان ڕاگیران.

سەرچاوەکانى هەواڵ بڵاویانکردەوە، دوێنى بەیانى(هەینى ٣٠ى تشرینى دووەمى ٢٠١٨) بومەلەرزەیەکى بەهێز باشورى ویلایەتى ئالاسکاى ئەمریکاى هەژاند، بەجۆرێک ریگاوبانەکان توشى داڕوخان ولێکترازان بوون و هاتوچۆى ئۆتۆمبێل ڕاگیرا.

بەهۆى بوومەلەرزەکەوە، پەخشى کەناڵە تەلەفزیۆنیەکان لە ئەنکۆردیج گەورەترین شارى ویلایەتەکە وەستان.

دەستەى روپێوى جیۆلۆجى لەو وڵاتە ڕایگەیاند، هێزى بوومەلەرزەکە حەوت پلەى رێختەر بووە، لە باشورى بۆینت ماکینزى، چەقەکەشى ١٣ کیلۆمەتر بووە لە باکورى ئەنکۆردیج بە قوڵى ٤٣ کیلۆمەتر.

بەرپرسانى ئەنکۆردیج هاوڵاتیانیان ئاگادارکردەوە، ئاو بکوڵێنن پاشان بیخۆنەوە، ئەوەش بەهۆى پیسبوونى سەرچاوەکانى ئاوى خواردنەوەوە.

بومەلەرزەکەش، چەند باڵەخانەیەکى رووخاندوە و دەوامى خوێندنگاکانى راگرت.

ویلایەتى ئالاسکا لە ساڵى ١٩٠٠ەوە هەموو ساڵێک بومەلەرزەیەک لەنێوان  حەوت بۆ هەشت پلە بە پێوەرى رێختەر بەخۆوە دەبینیێت، لە ساڵى ١٩٦٤دا بەهێزترین بومەلەرزەى تۆمار کردوە کە پلەکەى ٩.٢ پلە بووە.

س.س

74218 جار بینراوە