پێنج ساڵ بەسەر تیرۆرکردنى کاوە گەرمیانیدا تێپەڕی
دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، کەلار، کاوە گەرمیانی
ئەمڕۆ چوارشەممە (٥ى کانونى یەکەمى ٢٠١٨) ساڵیادى تیرۆرکردنى ڕۆژنامەنووس کاوە گەرمییانییە و بەو بۆنەیەشەوە چەند چالاکییەک لە کەلار بەڕێوەدەچێت و تاجە گوڵینەش لەسەر گۆڕەکەى دانرا.
لە چالاکى یەکەمدا بەئامادەبوونى کەسوکارى و چەندین ڕۆژنامەنووس و چالاکوانى کۆمەڵگەى مەدەنى تاجە گوڵینە لەسەر گۆڕى ڕۆژنامەنووسی تیرۆرکراو دانرا.
لە کاتژمێر ٣ ى پاشنیوەڕۆش خەڵاتى کاوەگەرمیانى بۆ ئازادى لە هۆڵى بەڕێوەبەرایەتى هونەر و وەرزشی گەرمیان بە کەسێکى چالاکوان دەبەخشرێت.
کاتژمێر ٨ى ئێوارەش کە ساتەوەختى تەقەکردن لە کاوەگەرمیانییە چالاکییەکى دیکە بەڕێوەدەچێت.
کاروان ئەحمەد، برای ڕۆژنامەنووسی تیرۆرکراو بە دیجیتاڵ میدیاى ئێن ئاڕتى ڕایگەیاند بۆ پێنج ساڵە جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کەدەبێت ئەو دەستەى لە پشت تیرۆرکردنى کاوە گەرمیانییەوەیە بۆ ڕاى گشتى ئاشکرابکرێت، هەربۆیە کۆڵنادەن و واز لەکەیسەکە ناهێنن.
ڕاشیگەیاند لەئێستادا کەسێک تۆمەتبارکراوە کە لە زینداندایە، بەڵام زانیارییان پێگەیشتووە کە ئەو کەسە لە زیندان هاتووەتەدەرەوە و مۆڵەتى وەرگرتووە، ئەگەر بزانن بە نایاسایی هێنراوەتە دەرەوە سکاڵا لەدژى بەڕێوەبەرى ئەو زیندانەش تۆماردەکەن.
21096 جار بینراوە